دوابەدوای بۆردومانکردنی یەکێک لە ناوەندەکانی بەسیجی سوپای پاسداران لە نزیک زیندانی مەهاباد، بەندکراوانی ناو زیندانەکە لە بەرانبەر بەردەوامیی ڕاگیرانی خۆیان لە دۆخی شەڕدا ناڕەزاییان دەر بڕی و هێزەکانی یەکەی تایبەتیش بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەریان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەهابادەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە نزیک نیوەڕۆی سێشەممە ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا (٣ی مارسی ٢٠٢٦) یەکێک لە ناوەندەکانی بەسیجی سوپای پاسداران لە نزیک زیندانی مەهاباد لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئامریکا و ئیسراییلەوە بۆردومان کرا. لە ئەنجامی هێرشەکەدا شووشەی ژمارەیەکی زۆر لە ماڵ و دووکانەکانی دەوروبەری زیندانەکە شکان. بەندکراوانیش وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بەردەوامیی ڕاگرتنی خۆیان لە دۆخی شەڕدا ئاگریان لە بەتانییەکانیان بەر دا. هێزەکانی یەکەی تایبەت چوونە ناو زیندانەکەوە و بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر بەندکراوان».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دۆخی زیندانەکە تا ڕادەیەک هێور بووەتەوە، بەڵام بنەماڵەی بەندکراوان لەبەر پچڕانی هێڵەکانی تەلەفۆن لە بەردەم زیندانەکە کۆ بوونەتەوە و داوایان کردووە لە چارەنووسی منداڵەکانیان ئاگادار بکرێنەوە. بەرپرسانی زیندان ڕایانگەیاندووە کە بە شێوەیەکی تایبەتی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەی بەندکراوان دەکەن و هەندێکیان بە بارمتە ئازاد دەکرێن یاخود مۆڵەتی پشووی کاتییان پێ دەدرێت.
زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نیشاندەری ئەوەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوابەدوای بۆردومانە قورسەکان، کەشی ئەمنی بەسەر زیندانە جیاوازەکانی کوردستاندا زاڵ کراوە. ژمارەی پاسەوانەکان لە بەندەکاندا چەندهێندە کراوەتەوە، دەرگاکانی بەندەکان بە ڕووی زیندانییەکاندا داخراوە و هاتوچۆیان بۆ ناو هۆڵی وەرزش و کتێبخانە قەدەغە کراوە. هەروەها هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناو زیندانی ناوەندیی ورمێدا جێگیر کراون.