سەجاد مەولایی، بەندکراوی سیاسیی تورک کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ تووشی جەڵدەی دڵ بووبوو، سەرباری ئەوەی لە دۆخێکی تەندروستیی ناجێگیردایە لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «سەجاد مەولایی ئێوارەی ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٢٨ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) دوای هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسراییل و ئامریکا بۆ سەر ئەو شارە و بە هۆی نیگەرانییەوە لە دۆخی بنەماڵەکەی، تووشی جەڵدەی دڵ بوو و لەسەر خۆ چوو. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای چەند کاتژمێرێک ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەیدولشوهەدای ورمێ کرا، بەڵام سەرباری ئەوەی دەستی چەپی بێهەست کەوتبوو، بەبێ وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست گەڕێنرایەوە بۆ زیندان و تا ئێستەیش لە دۆخێکی سەخت و هەر لە ناو زینداندا ڕاگیراوە».

سەجاد مەولایی، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، جۆزەردانی ١٤٠٤ (ژوەنی ٢٠٢٥) هاوکات لەگەڵ شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسراییل و ئێراندا لەبەر بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بانگهێشت کرا. ئەم هاووڵاتییە سەرەتای پووشپەڕی ١٤٠٤ (کۆتایی ژوەنی ٢٠٢٥) دوای سەردانکردنی ئەم دەزگا ئەمنییە چەند کاتژمێرێک خرایە بەر لێپرسینەوە و پاشان بە وەرگرتنی بەڵێننامە ئازاد کرا. بەڵام ڕۆژی ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤ (٨ی جولایی ٢٠٢٥) بانگهێشتی بەردەم لقی ١٠ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

دوای ٤٤ ڕۆژ دەستبەسەربوون، ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر دووستی دادگایی کرا. مەولایی لە قۆناغی دەستبەسەربوونیشدا جارێکی تر تووشی جەڵدەی دڵ بووبوو، بەڵام بە هۆی ڕێگریکردنی بەرپرسانی زیندانەوە ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکان نەکرابوو.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، بەڵام ماوەیەک دواتر لە لایەن هەمان دادگاوە بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» سزای ١٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی «چالاکیی میدیایی بە ئاڕاستەی بەهێزکردن و پتەوکردنی ڕژێمی زایۆنیستیدا» سزای ٢ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپا. دواجار ڕۆژی ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٠ی دیسامبەری ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرایەوە.