لانیکەم ١٨ زیندانیی سیاسیی کورد بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە زیندانی مەهابادەوە بۆ زیندانی میاندواو دوور خرانەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٣ی مارسی ٢٠٢٦) دوای بۆردومانکردنی ناوەندێکی سەربازی لە نزیک زیندانی مەهاباد، بەندکراوان کە دەرگای بەندەکانیان لەسەر داخرابوو، ناڕەزاییان دەر بڕی. ناڕەزایەتییەکە لە لایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە بە گازی فرمێسکڕێژ سەرکوت کرا. دوابەدوای ناڕەزایەتییەکە نزیک بە ١٠٠ بەندکراوی تاوانە ئاساییەکان و چەند زیندانییەکی سیاسی کە سزای بەندکرانی کورتماوەیان هەبوو، بە دانانی بارمتە یان مۆڵەتی پیشەیی، پشووی ١٥ ڕۆژەیان وەرگرت یان بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لانیکەم ١٨ زیندانیی سیاسی کە زۆربەیان سزای بەندکرانی زیاتر لە ١٠ ساڵیان هەیە، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەمە (٤ی مارسی ٢٠٢٦) برانە حەوشەی زیندان و دوای چەند کاتژمێرێک لە لایەن کاروانێکی هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە بۆ زیندانی میاندواو دوور خرانەوە.

بە گوێرەی یاسا ناوخۆییەکان و پرەنسیبە جیهانییەکان، لە کاتی شەڕدا دەوڵەت دەبێ لە پێناو پاراستنی گیانی بەندکراواندا و بەبێ لەبەرچاوگرتنی جۆری تۆمەتەکە، بە وەرگرتنی کەفالەت و بە شێوەی کاتی بەندکراوان ئازاد بکات. هەر بۆیە گواستنەوەی بەندکراوان لە زیندانێکەوە بۆ زیندانێکی تر لە دۆخی شەڕ و ئەویش لە کاتێکدا کە شاری مەهاباد و ناوچەکانی دەوروبەری بە شێوەی ڕۆژانە دەکەونە بەر هێرشی فڕۆکەکانی ئەرتەشی ئامریکا و ئیسراییل، دەقاودەق بە واتای دروستکردنی مەترسیی بەئەنقەستە لەسەر ژیانی بەندکراوان.

زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نیشاندەری ئەوەن کە لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا و دوابەدوای پەرەسەندنی بۆردومانەکان، کەشێکی ئەمنیی توند بەسەر زیندانە جیاوازەکانی کوردستاندا زاڵ کراوە. ژمارەی پاسەوانەکان لە بەندەکاندا چەندهێندە کراوەتەوە، دەرگای بەندەکان بە ڕووی زیندانییەکاندا داخراوە و هاتوچۆیان بۆ ناو هۆڵی وەرزش و کتێبخانەکان قەدەغە کراوە. هەروەها هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناو زیندانی ناوەندیی ورمێدا جێگیر کراون. هەر لەم ماوەیەدا سەدان زیندانی کە زۆربەیان بەندکراوانی تاوانە ئاساییەکانن، بە دانانی بارمتە یان مۆڵەتی پیشەیی بە شێوەی مەرجدار یان بۆ پشووی کاتیی ١٥ ڕۆژە لە زیندان ئازاد کراون.