لە بەردەوامیی گواستنەوەی بەندکراواندا لە زیندانی مەهابادەوە بۆ زیندانی میاندواو، دوێنێ ١٢٠ بەندکراو، لەوانە ٣٨ زیندانیی سیاسی، بە شێوەیەکی تەواوئەمنی ڕەوانەی زیندانی میاندواو کران. ئەم بەندکراوانە لە قەرەنتینەی زیندانەکە و لە دۆخێکی زۆر سەختدا و دوور لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان ڕاگیراون.
بنەماڵەی یەکێک لەم بەندکراوانە لەگەڵ پێشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵەدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٣ی مارسی ٢٠٢٦) دوای بۆردومانکردنی ناوەندێکی سەربازی لە نزیک زیندانی مەهاباد، بەندکراوان ناڕەزاییان دەر بڕی و بە ئاگردانی بەتانییەکانیان داوایان کرد لە دۆخی شەڕدا بەبێ هیچ مەرجێک ئازاد بکرێن. هێزەکانی یەکەی تایبەت چوونە ناو زیندانەکە و گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێنا، دوابەدوای ئەمەیش لانیکەم سێ زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی ناسر، یوونس و حەبیب (پاشناوەکانیان نەزانراوە) کە سزای زیاتر لە ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو، بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە. هەروەها بەندکراوانی دیکەیش بەبێ ئەوەی مۆڵەتی هەڵگرتنی کەلوپەلە کەسییەکانیان پێ بدرێت، دوور خرانەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی میاندواو».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەو ١٢٠ بەندکراوە لە ڕۆژی ڕابردووە کراونەتە دوو ژوورەوە کە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان تێدا نییە. بەرپرسانی زیندان بە بیانووی دۆخی شەڕ دەرگای بەندەکەیان لەسەر زیندانییەکان داخستووە و تا ئێستە تەنانەت خواردنیشیان پێ نەداون.
ئەگەرچی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەندێ لە بەندکراوان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون یاخود مۆڵەتی پشووی کاتییان پێ دراوە، بەڵام زۆرینەی بەندکراوان هێشتا هەر لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو لە زینداندا ڕاگیراون، هەر ئەمەیش بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانی و دڵەخورپەی هەرچی زیاتری بنەماڵەکان. بنەماڵەی بەندکراوان لە شارە جیاوازەکاندا بە هۆی بۆردومانی قورسەوە لە دۆخێکی سەختدان، خودی بەندکراوانیش سەرباری هەموو سەختییەکانی خۆیان زۆر نیگەرانی بنەماڵەکانیانن، ئەمەیش وای کردووە گوشار و نیگەرانیی بەندکراوان و بنەماڵەکانیان زۆر زیاتر لە جاران پەرە بسێنێت.