دوابەدوای دەسپێکردنی شەڕی هاوپەیمانیی ئامریکا و ئیسراییل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، فڕۆکەکانی ئەرتەشی ئەو دوو وڵاتە بەشێکی زۆر لە ناوەندە سەربازی-ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانیان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆردومان کردووە. لەم نێوانەدا هەندێ دەستبەسەرگەی ئەمنییش کە لەو ناوەندانەدا بوون، یان بەتەواوی ڕووخاون یان زیانی بەرچاویان بەر کەوتووە. بەڵام سەرباری ئەمەیش تا ئێستە لەسەر چارەنووسی دەیان هاووڵاتی و چالاکوانی دەستبەسەرکراوی کورد کە لەم دەستبەسەرگانەدا بوون، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە و هەر ئەمەیش بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە بەرانبەر ژیان و چارەنووسیاندا.

بنەماڵەی ژمارەیەک لەم دەستبەسەرکراوانە لە شارەکانی ئیلام، ورمێ، تاران و کرماشان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان ڕاگەیاند کە لەسەر چارەنووسی ئازیزانیان کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون، نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک بەدەست بهێنن.

ئەندامێکی بنەماڵەی هاووڵاتییەک کە نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێش لە ورمێ دەستبەسەر کراوە و بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناسنامەکەی ئاشکرا بکرێت، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە وتی: «لە ساتی دەستبەسەرکردنیەوە تا ئێستە هیچ زانیارییەکمان لەسەر بارودۆخی پێ نەگەیشتووە. ئەگەرچی پێش دەسپێکردنی شەڕەکە دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێ ڕایگەیاندبوو کە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ئەو شارەدا ڕاگیراوە، بەڵام بۆردومانکردنی سەربازگەی ئەلمەهدی کە هەندێ لە دەستبەسەرگەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانیشی لە خۆ گرتووە، نیگەرانییەکەمانی زۆر زیاتر کردووە».

بە وتەی ئەم هاووڵاتییە، دوابەدوای بۆمبارانکردنی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکان لە ورمێ، بەدواداچوونی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان بۆ وەرگرتنی زانیاری بێئەنجام بووە و هیچ دەزگایەک ئامادە نییە وەڵامێکیان پێ بداتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری دیکە لە مەهابادەوە ڕایگەیاند کە لە بۆمبارانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە لە ئێوارەی ١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا (٢ی مارسی ٢٠٢٦) دوو هاووڵاتیی مەدەنی کە لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییەدا ڕاگیرابوون، گیانیان لە دەست داوە. تا ئێستە لەسەر ناسنامەی ئەم دوو کەسە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هێشتا نەیتوانیوە خودی هەواڵەکەیش پشتڕاست بکاتەوە.

هەروەها سەرچاوەیەکی تر لە شاری سنەوە ڕایگەیاند ئەو هاووڵاتیانەی لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتدا ڕاگیرابوون، بۆ بەشی قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی سنە گوازراونەتەوە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا بینای ئەم دوو دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە بولواری شێبلی و بولواری ئاویەردا لە لایەن فڕۆکەکانی ئامریکا و ئیسراییلەوە بۆردومان کراون.

دوو سەرچاوەی دیکەیش لە کرماشان و ئیلامەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان وت کە ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوان ڕەوانەی زیندانە ناوەندییەکانی ئەم دوو شارە کراون و تا ئێستە لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو لە بەشی قەرەنتینەی ئەو زیندانانەدا ڕاگیراون، هەندێکیشیان گوزراونەتەوە بۆ ماڵە پارێزراو (ئەمن)ـەکانی ئەم دەزگا ئەمنیانە.

بنەماڵەی هاووڵاتییەکی کوردی دیکەیش لە تاراندا کە منداڵەکەیان چەند حەفتەیەک پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایانگەیاند کە تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە پێ نەگەیشتووە. بە وتەی بنەماڵەکە، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی تاران لە وەڵامی بەدواداچوون و داواکاریی بنەماڵەدا دەڵێن ئاگامان لە چارەنووس و بارودۆخی نییە.