لە سێزدەهەم ڕۆژی شەڕی نێوان هاوپەیمانیی ئامریکا-ئیسراییل لەگەڵ ئێراندا، ڕاپۆرت و زانیارییەکان لە زیندانە جیاوازەکانەوە باس لە سەپاندنی دۆخێکی سەختگیرانەتر بەسەر بەندکراوان و بەتایبەت بەسەر زیندانییە سیاسییەکان لە زیندانە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکەن. هەروەها دوابەدوای بۆردومانکردنی بنکە و ناوەندەکانی پۆلیس لە شارە جیاوازەکاندا، هەندێ لە ئەندامانی هێزەکانی یەکەی تایبەت لە حەوشەی سەرەکیی زیندانەکاندا جێگیر کراون و دەوترێت کەشێکی ئەمنیی توند بەسەر زیندانەکاندا زاڵ کراوە.

چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی کوردستان لە ورمێ لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتیان: «لە دەسپێکی شەڕەکەوە سەرجەم دیدارە حوزووری و کابینییەکانی بەندکراوان لە زیندانی ناوەندیی ورمێ قەدەغە کراوە. هەروەها زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی کە لە بەندی ئەمنیی ئێرشاد لە دۆخی ئیزۆلەدا ڕاگیراون، لە زۆربەی مافەکانیان بێبەش کراون و تەنانەت ڕێگری لە ناردنی زیندانیانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکەی بەندیخانە دەکرێت».

دوو ئەندامی بنەماڵەی زیندانییە سیاسییە نەخۆشەکانی ئەم زیندانە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان وت: «دۆخی تەندروستیی بەندکراوە نەخۆشەکان لەم ١٣ ڕۆژەدا زۆر خراپتر بووە. ئەم بەندکراوانە گیرۆدەی نەخۆشیی جیاوازی وەکوو دڵ، گورچیلە و هەندێ نەخۆشیی دیکەن، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئامادە نیین ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندان یان ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندانیان بکەن. هەروەها هەندێ بەندکراوی دیکەیش کە پێویستیان بە دەواودەرمانە، بە هۆی قەدەغەکردنی دیدارەکان و هەروەها داخستنی نەخۆشخانەی زیندانەوە لە وەرگرتنی چارەسەرەکانیان بێبەش کراون».

بە وتەی بنەماڵەکانی ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی لە شارەکانی ورمێ، مەهاباد، میاندواو، سەقز، سنە، کرماشان و ئیلام، لەم ماوەیەدا و بە هۆی دۆخی شەڕەوە سەدان بەنکراوی تاوانە ئاساییەکان بە بارمتە یان کەفالەت مۆڵەتی پشووی کاتیی ١٥ ڕۆژەیان وەرگرتووە. بەڵام دادوەرانی چاودێری ئەو زیندانانە ڕایان گەیاندووە کە زیندانیانی سیاسی و هەروەها هەندێ بەندکراوی تاوانە مەترسیدارەکان، وەکوو دزیکردن بە چەکەوە و هاوشێوەکانی، ناتوانن لەم مافە بەهرەمەند بن.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لەم زیندانانەوە پێمان گەیشتووە، بەشەخواردنی بەندکراوان کەمی کردووە و فرۆشگەی ناو زیندانەکانیش وەک پێشوو بە شێوەیەکی ڕێکوپێک کار ناکەن. بە وتەی سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، فرۆشگەکان سێ ڕۆژ جارێک و تەنها بۆ چەند خولەکێک دەکرێنەوە و نرخی کاڵاکانیش چەندهێندە بەرز بووەتەوە. هاوکات بەشەخواردنی دەوڵەتیی بەندکراوانیش کەمی کردووە. هەر بۆیە بەندکراوە دەستکورتەکان کە توانای شتکڕینیان لە فرۆشگەی زیندان نییە، ڕووبەڕووی کەمبوونی خواردن و تەنانەت برسێتی بوونەتەوە.

هەروەها بنەماڵەی ژمارەیەک لە زیندانیان کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە زیندانی مەهابادەوە دوور خراونەتەوە بۆ زیندانی میاندواو، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایانگەیاند کە زیاتر لە ١٥٠ بەندکراو کە دژ بە ڕاگرتنیان لە زیندان لە دۆخی شەڕدا ناڕەزاییان دەر بڕیبوو، لە زیندانی مەهابادەوە گوازراونەتەوە بۆ زیندانی میاندواو. بە وتەی ئەم هاووڵاتیانە، هەموو ئەو بەندکراوانە لە بەشی قەرەنتینە و لە دۆخێکی سەختدا بەبێ پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان ڕاگیراون.

هاوکات تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە دوابەدوای بۆردومانکردنی ناوەندەکانی پۆلیس لە شاری ورمێ، سەدان ئەندامی هێزەکانی یەکەی تایبەت لە دەوروبەری بینای زیندانی ناوەندیی ورمێ جێگیر کراون و شەوان لە ناو حەوشەی سەرەکیی زیندانەکەدا دەحەوێنەوە.