هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی نۆزدەمین ساڵی بەندکرانی زەینەب جەلالیاندا، جانسۆ ئوزدەمیر، نوێنەری پارتی چەپی ئەڵمانیا لە پارلەمانی ئەم وڵاتە، ڕایگەیاند کە کەفالەتی سیاسیی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەی قبووڵ کردووە.

زه‌ینه‌ب جه‌لالیان، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی (١٩٨٣) له‌ گۆندی «دێم قشڵاق»ی سه‌ر به‌ شاری ماكۆ، ڕەشەمەی ١٣٨٦ (فێبرییەی ٢٠٠٨) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە کرماشان دەستبەسەر کرا. سەرەتا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا، بەڵام دواتر گۆڕدرا بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی.

زەینەب بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە لە مافی پشووی کاتی بێبەش بووە و سەرباری تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر، نەک تەنها خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویستی بۆ دابین نەکراوە بەڵکوو چەندەها جار بە شێوەی نایاسایی و توندوتیژ لە نێوان زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا جێگۆڕکێی پێ کراوە. زەینەب ئێستە لە زیندانیی ناوەندیی یەزدە و وەکوو کۆنترین و تاکەزیندانیی سیاسیی ژن ناوی لێ دەبرێت کە سزای بەندکرانی هەمیشەیی بەسەردا سەپاوە.

جانسۆ ئوزدەمیر ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (١٣ی مارسی ٢٠٢٦) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا ڕایگەیاند کە لە پارلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ (بۆندستاگ) کەفالەتی سیاسیی زەینەب جەلالیانی گرتووەتە ئەستۆ.

ئەم پارلەمانتارە لەگەڵ جەختکردنەوە لەوەی کە دۆسیەی زەینەب جەلالیان نابێ لە کۆمەڵگەی جیهانیدا لە بیر بکرێت، نووسیویەتی: «ساڵەهایە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەڵسوکەوتی توندوتیژ و نامرۆڤانە لەگەڵ زەینەب جەلالیاندا و بێبەشکردنی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی ڕاپۆرتی بەردەوام بڵاو دەکەنەوە. دۆسیەکەی نموونەی ئاشکرای سەرکوتکردنی دژبەرانی سیاسی و کەمینە ئەتنیکییەکان و بەتایبەت چالاکوانانی کوردە لە ئێراندا».

جانسۆ ئوزدەمیر لە درێژەدا ئاماژەی بە پلانی پشتیوانیکردنی نوێنەرانی پارلەمان لە زیندانیانی سیاسی کردووە و وتوویەتی: «ئێمە وەکوو نوێنەرانی بۆندستاگ لەسەر ئاستی هەموو جیهان کار دەکەین بۆ پاڵپشتیکردن لە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و زیندانیانی سیاسی کە مەترسییان لە سەرە. ئێمە وەکوو کەفیلی سیاسی و پشتیوانی زەینەب جەلالیان هەوڵ دەدەین دۆسیەکەی لە کۆمەڵگەی جیهانیدا لە بەر سەرنجدا بهێڵینەوە. زیندانیانی سیاسی نابێ لە بیر بکرێن. نابێ بازرگانی بە مافەکانی مرۆڤەوە بکرێت».