سالار خەلیفەزادە، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە سەرەتای گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەر لەو شارەدا دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە زیندانی میاندواو ڕاگیراوە. ئەم بەندکراوە کوردە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوابەدوای پەرچەکرداری ناڕەزاییانەی بەندکراوانی زیندانی مەهاباد و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکە لە لایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە، بۆ زیندانی میاندواو دوور خرابوویەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەهەبادەوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ماوەیەک پێش دەسپێکردنی شەڕ، سزانامە بۆ ئەم هاووڵاتییە دەر کرا و تۆمەتەکانی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت»یان ڕووبەڕوو کردەوە. دۆسیەکەیش بە مەبەستی لێکۆڵینەوە ڕەوانەی بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر سیامی کرابوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بڕیاری دەستبەسەربوونی ئەم بەندکراوە بە شێوەی مانگانە درێژ دەکرێتەوە و ئێستە لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو هەر لە زینداندا ڕاگیراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە هۆی هەلومەرجی شەڕەوە پرۆسەی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیە سیاسییەکان یان زۆر هێواش بووەتەوە یاخود هەر بەتەواوی ڕاگیراوە.

سەرچاوەکە لە کۆتاییدا زیادی کرد: «سالار خەلیفەزادە لەگەڵ دەیان بەندکراوی دیکەدا لە دۆخێکی سەخت لە دەستبەسەرگەی زیندانی میاندواودایە، هاوکات سەرجەم بەندکراوانی ناو ئەو دەستبەسەرگەیە لە مافی دیداری بنەماڵە بێبەش کراون».

سالار خەلیفەزادە ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. دوای ١٧ ڕۆژ لێپرسینەوە و لە کاتێکدا کە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو، لەو دەستبەسەرگەیەوە ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.