ئەحمەد تەموویی، زیندانیی سیاسیی پێشوو کە ساڵی ١٤٠٠ (٢٠٢١) دوای ١٤ ساڵ زیندانیبوون لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو، لە سەرەتای ڕەشەمەی ١٤٠٤دا (کۆتایی فێڤرییەی ٢٠٢٦) جارێکی تر لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرایەوە و تا ئێستایش هەر بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتی لە زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) ڕاگیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند: «ئەحمەد تەموویی، چالاکوانی سیاسیی کوردی خەڵکی سەڵماس، دوای ئازادبوون لە زیندان لە تاران دەژیا و وەکوو شۆفێری تەکسیی ئێسنەپ کاری دەکرد. بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٢٣ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامی کرێکاری باشووری تاران، لە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سوپاسی پاسداراندا، بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی. هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕۆژێکی تەواو ئەحمەدیان خستە بەر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونییەوە و ڕۆژی ٥ی ڕەشەمە (٢٤ی فێڤرییە) گواستیانەوە بۆ بەندی ٢ی ئەلفی زیندانی ئێڤین».

بە وتەی سەرچاوەکە، لەگەڵ دەسپێکردنی شەڕدا ئەحمەد لەگەڵ چەندین هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی دیکەدا لەم بەندەوە گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی شاراوە لە ڕۆژهەڵاتی شاری  تاراندا و ڕۆژی ١٣ی ڕەشەمەیش (٤ی مارس) ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) کرا.

سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد: «لە لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ناوچەی ٣٣ی تاران دۆسیەیەک بۆ ئەحمەد تەموویی کراوەتەوە و بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی» بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی بۆ دەر کراوە. لە ساتی دەستبەسەرکرانیشەوە تا ئێستە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش بووە.»

ئەحمەد تەموویی پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٦دا (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٧) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری ورمێ. ئەم هاووڵاتییە لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا کە بۆ ئەحمەد شەهید، ڕاسپێردراوی تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، نووسیبووی، ڕایگەیاندبوو کە ساڵی ١٣٨٦ (٢٠٠٧) بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە پژاکدا» بۆ ماوەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێدا ئەشکەنجە دراوە. بە گوێرەی نامەکە، لەو ماوەیەدا بە «شۆکی ئەلێکتریکی»، «هەڵواسین»، «لێدانی قامچی» و «نمایشی ساختەی لەسێدارەدان» ئەشکەنجە درابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە ڕێبەندانی ١٣٨٦دا (ژانڤییەی ٢٠٠٨) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی بەسەردا سەپا. سزاکە لە هاوینی ١٣٨٧دا (٢٠٠٩) پەسەند کرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ دوور خرایەوە.

ئەحمەد تەموویی لە ماوەی ١٤ ساڵ و دوو مانگ بەندکراندا چەندەها جار بە هۆی بەشداریکردنەوە لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیدا لە لایەن نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ناو زیندانی ورمێ، ڕووبەڕووی هەڕەشە و لێپرسینەوە بوویەوە.