زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کە لە بەندی ئەمنیی «ئیرشاد»ی ئەم بەندیخانەیەدان، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر کوالیتیی خراپی بەشەخۆراکی زینداندا ئامادە نەبوون خواردنەکە وەربگرن و مەنجەڵەکانیان ڕادەستی بەرپرسان کردەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (١٤ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) لە کاتی دابەشکردنی ژەمەخۆراکی نیوەڕۆ لە بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیدا، سەرجەم بەندکراوانی ئەو بەندە کە ژمارەیان دەگاتە ٤٩ کەس، بە هۆی بۆن و کوالیتیی خراپەوە ئامادە نەبوون خواردنەکە وەربگرن و هەرهەموویان گەڕاندەوە.
کوالیتیی خۆراکی زیندانەکانی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا ناڕەزایەتیی بەردەوامی بەندکراوانی لێ کەوتووەتەوە. هاوکات لە سەرەتای شەڕەکەی ئەم دواییانەوە کوالیتی و ڕێژەی بەشەخۆراکی زیندانەکان بە ئاستێکی بەرچاو دابەزیوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، ژەمەخۆراکی ئێواران لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە هۆی کوالیتیی کەمەوە بە کردەوە لە خواردن نایەت و زۆرجار فڕێ دەدرێت. هەر بۆیە بەندکراوان ناچارن پێداویستیی خواردن لە فرۆشگەی زیندانەکان دابین بکەن، بەڵام نرخی کاڵای فرۆشگەکانیش بەردەوام زیاد و زیادتر دەبێت.
لە لایەکی ترەوە، زۆربەی بەندکراوان لەڕووی ئابوورییەوە هەژارن و بنەماڵەکانیان ناتوانن پارەی پێویستیان بۆ دابین بکەن، هەر بۆیە ناتوانن پێداویستییەکانیان لە فرۆشگەی زیندان بکڕن و لە هەندێ حاڵەتدا بە ناچار برسی دەمێننەوە.