ساسان چەمەنئارا، هونەرمەند و زیندانیی سیاسیی پێشوو، لەگەڵ پەرەستوو چەمەنئارای خوشکیدا کە فەرمانبەری زانکۆیە، دوای ٣٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە، بە بڕی گشتیی ٧ میلیارد تمەن، بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام ئازاد کران.

بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە کە ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (١٦ی مارسی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئیلام دەستبەسەر کرابوون، ڕۆژی سێشەممە ١ی گوڵان (٢١ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) بە دانانی بارمتەی ٥ و ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کراون.

دەوترێت لە دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیلامدا دۆسیەیەک بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» بۆ ئەم خوشک و برایە کراوەتەوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی وەرگرتنی پارێزەری دیاریکراوی خۆیان و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوون.

هێزە ئەمنییەکان هەر لە پێشترەوە چەندین جار بە ساسان چەمەنئارایان ڕاگەیاندبوو کە بۆی نییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاک بێت و هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیان لێ کردبوو، دواجار ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (١٦ی مارسی ٢٠٢٦) هەڵیانکوتایە سەر ماڵی پەرەستووی خوشکی لە شاری ئیلام و بە شێوەیەکی توندوتیژ هەم خۆی و هەم خوشکەکەیان دەستبەسەر کرد.

ساسان چەمەنئارا پێشتریش چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بۆ وێنە لە کاتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا. دواتر لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیدا بە هۆی چالاکییە هونەری و سیاسییەکانیەوە سزای وەک بەندکران و بەندکرانی هەڵپەسێردراو، پێبژاردنی پارە و هەروەها قەدەغەکردنی چالاکی لە شوێنە گشتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا سەپابوو.