مێحراب عەبدوڵڵازادە، زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان، دوای دەمەقاڵەیەک لەگەڵ فەرمانبەرێکی هۆڵی دیدارەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە فەرمانی سەرۆکی زیندانەکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٨ی گوڵانی ١٤٠٥ (٢٨ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) دوای نزیک بە ٣ مانگ قەدەغەی دیدارکردن، زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ناوەندیی ورمێ مۆڵەتیان پێ دراوە بنەماڵەکانیان ببینن. بەڵام سەربازێکی هۆڵی دیدارەکان بە ناوی ئەمیرڕەزا غەزنەوی لە کاتی پشکنیندا سووکایەتی و بێڕێزیی بە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی کردووە و ئەمەیش بووەتە هۆی ناڕەزایی و دەنگهەڵبڕینی مێحراب عەبدوڵڵازادە.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوای دیدارەکە و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ ناو بەند، بە فەرمانی پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە مەبەستی سزادان بە کەلەبچە و پێبەندەوە گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

مێحراب عەبدوڵڵازاده، لەدایکبووی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٧٦ (١٥ی مارسی ١٩٩٨) لە ورمێ، ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە شوێنی کارەکەی لە ورمێ لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە.

ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٣٨ ڕۆژ لەو دەستبەسەرگەیەدا خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە تاکوو بە زۆر ددان بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیجدا» بنێت. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بە گوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراو کە ئێستە لە لای هێزە ئەمنییەکانە و دیمەنی کوشتنی ئەو ئەندامەی هێزەکانی بەسیجی تێدایە، مێحراب عەبدوڵڵازادە لە شوێنی ڕووداوەکەدا نەبووە و خۆیشی بەردەوام هەرجۆرە بەشداریکردنێکی لەو کوشتنەدا ڕەت کردووەتەوە.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتبووی کە مێحراب لە هەموو لێپرسینەوەکان و هەروەها لە دانیشتنەکانی دادگایشدا هەرهەموو تۆمەتەکانی بە درۆ خستووەتەوە و تەنانەت داوای کردووە لەڕێی مۆبایلەکەیەوە لۆکەیشنەکەی لەو ڕۆژەدا بدۆزنەوە تاکوو دەر بکەوێت لە شوێنی ڕووداوی کوشتنەکەدا نەبووە. بنەماڵەکەی بە درێژایی ٣٨ ڕۆژی سەرەتای دەستبەسەربوونی، نەیانتوانیبوو هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی وەربگرن و لەو ماوەیەدا مێحراب لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەریش بێبەش کرابوو.

دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، دۆسیەکە ڕادەستی لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کرا و دوای دەرکردنی سزانامە لە لایەن داواکاری گشتییەوە، نێردرایە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ. ئەو دادگایە پاش بەڕێوەچوونی سێ دانیشتن، ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند و ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەر (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە زینداندا بە شێوەی فەرمی بڕیارەکەی دادگای پێی ڕاگەیەنرا

دوای تانەدانی پارێزەران لە بڕیارەکە، دۆسیەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کرا. ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) دادوەری بەشی جێبەجێکردنی سزاکان هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە، داوای لەم زیندانییە سیاسییە کردبوو واژۆ لەسەر داواکاریی لێخۆشبوون بکات.

لە کۆتایی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا (ناوەڕاستی فێڤرییەی ٢٠٢٦) داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەت کرایەوە.