زەینەب جەلالیان، کۆنترین و تاکەزیندانیی سیاسیی ژنی سزادراو بە بەندکرانی هەتاهەتایی لە ئێراندا، لە بیستەمین ساڵی بەندکراندا هێشتا هەر بە دەست نەخۆشیی «فیبرۆمی منداڵدان»ـەوە دەناڵێنێت و سەرباری ڕاسپاردەی پزیشکان لەسەر هەناردنی بۆ ناوەندە پزیشکییەکان و بەدواداچوونی ئەنجامەکانی نەشتەرگەریی ئامبۆلیزاسیۆن، بەڵام تا ئێستایش بە بیانووی ڕاگرتنی پرۆسەی ڕەوانەکردنی بەندکراوانەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان بە هۆی شەڕەوە، لە دۆخێکی دژواری تەندروستیدا هەر لە زیندان ڕاگیراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم زیندانییە سیاسییە کە بۆ چەندین مانگ بە هۆی تووشبونەوە بە «فیبرۆمی منداڵدان» لە دۆخێکی تەندروستیی ناجێگیر و زۆر خراپدا بوو، دواجار پاش گوشارە نیێودەوڵەتییەکان و لە سەرەتای ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا (کۆتایی سێپتامبەری ٢٠٢٥) لە ناوەندێکی پزیشکیی شاری یەزد نەشتەرگەریی ئامبۆلیزاسیۆنی فیبرۆمی بۆ کرا. بەڵام دوای تەنها ٢٤ کاتژمێر و بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان یەکسەر گەڕێنرایەوە بۆ زیندان».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بە درێژایی چەند مانگی ڕابردوو و سەرباری ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە، خوێنلێچوون و ئازاری ناوسکی زەینەب بە شێوەیەکی نیگەرانکەر بەردەوام بووە و هاوکات تووشی کەمخوێنیی جیدییش بووە.
دوای دەسپێکردنی شەڕی ئامریکا و ئیسراییل لەگەڵ ئێراندا، بەرپرسانی زیندانەکان بە بیانووی هەلومەرجی شەڕەوە پرۆسەی هەناردنی بەندکراوانی نەخۆشیان بۆ ناوەندە پزیشکییەکان ڕاگرتووە و داواکارییە بەردەوامەکانی ئەم زیندانییە سیاسییە و بەندکراوە نەخۆشەکانی تریش سەبارەت بە هەناردنیان بۆ ناوەندە تایبەتمەندەکان، هەموو جار لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە ڕەت کراوەتەوە.
سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد: «ئازاری ناوسک و خوێنلێچوونی زەینەب لە حەفتەی ڕابردوودا گەیشتووەتەوە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، بە شێوەیەک کە چەندین ڕۆژ تەنانەت نەیتوانیوە لە جێی خۆی بجووڵێت و ئێستە لە دۆخێکی جەستەیی زۆر خراپدایە. لەم ماوەیەدا پزیشکەکانی زیندان ڕایانگەیاندووە کە بە ئەگەری زۆر هەندێ لە فیبرۆمەکانی منداڵدانی سەرلەنوێ گەشەیان کردووە و هەر بۆیە داوای هەناردنی دەسبەجێیان بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان کردووە تاکوو دوای سۆنۆگرافی و ئێم.ئاڕ.ئای لێکۆڵینەوە بۆ دۆخی تەندروستیی بکرێت».
ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ (١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) ٢٢ دامەزراوەی مافی مرۆڤ و ١٣ بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە بە دەسپێشخەریی دەزگای REDRESS و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئامادە کرابوو، داکۆکییان کردبوو لەسەر دابینکردنی خێرای مافی دەرمان بۆ زەینەب جەلالیان و هاوکات داوایان کردبوو کۆتایی بە ئازاردان و هەڕەشەکردن لەم زیندانییە سیاسییە بهێنرێت و بەبێ هیچ مەرجێک ئازاد بکرێت.
هاوکات لەگەڵ بەیاننامەکەدا، خودی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەیش لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا ئاماژەی بە سەربوردەی ساڵەها زیندان، ئەشکەنجەدان، بێبەشکردن لە دیدار و دەرمانی پزیشکیی خۆی کردبوو و ڕایگەیاندبوو: «زۆر ئاساییە کە دوای نزیک بە بیست ساڵ ژیانکردن لە شوێنێکی وەک زینداندا، کە ناچاری ژیانێکی بەکۆمەڵ بکەیت، نەخۆشیی پێست و ئیلتیهاب و کێشەی ڕۆحی و دەروونی بەرۆکت دەگرێت. لە هەمووی خراپتر، هەلومەرجی نەگونجاوی خۆراک لە زینداندا تووشی گەلێ نەخۆشیی جەستەییت دەکات. بەتایبەت کاتێک زیندانیی سیاسی بیت ئەوا بەربەستی زیاتریشت بەسەردا دەسەپێنن؛ لەوانە بەربەست لە بەردەم خزمەتگوزاریی پزیشکیدا. سەرباری ڕاسپاردەی پزیشکان لەسەر زەروورەتی دابینکردنی دەواودەرمان، هیچ ئاوڕێکت لێ نادرێتەوە».
زەینەب جەلالیان لە درێژەی نامەکەیدا وتبووی: «ئەگەرچی پزیشک ڕایگەیاندووە کە بە هۆی نەخۆشییەوە دەبوو ساڵەها لەمەوپێش لە زیندان ئازاد کرابام و نەشتەرگەریم بۆ کرابا، بەڵام بەرپرسانی زیندان ڕەچەتە پزیشکییەکەمیان ڕادەستی پزیشکیی داد کرد. دوای چەندین مانگ چاوەڕوانی، وەڵامیان دامەوە کە «ئەم بەندکراوە توانای مانەوەی لە زینداندا هەیە و دەبێ هەر لە زینداندا بمێنێتەوە.» سەرباری هەموو ئازار و نەخۆشییەکانم دیسان هەر خۆشحاڵم، چونکوو دەزانم هەموو ئەم ئازارانەم لە پێناو ئازادیدا بووە. کە وایە من لە شوێنە دروستەکەی مێژوودا وەستاوم».
ڕۆژی ١١ی گوڵانی ١٤٠٤ (١ی مەیی ٢٠٢٥) ٩ نێردەی تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە دەستبەسەربوونی درێژماوە و نایاسایی، دۆخی خراپی تەندروستی و ئەشکەنجەدان و هەموو هەڵسوکەوتێکی توندوتیژی دیکە کە لە بەرانبەر ئەم زیندانییە سیاسییەدا گیراوەتە بەر، ڕاگەیاند و داوایان لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد دەسبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک لە نەخۆشخانەیەکی مەدەنیدا چاودێری و خزمەتگوزاریی پێویستی پزیشکیی بۆ دابین بکەن و هۆشدارییان دا کە «کاتەکە زۆر هەستیارە».
زەینەب جەلالیان لەم ساڵانەی دواییدا لە مافی دیداری بنەماڵە بێبەش بووە و بە هۆی تووشبوونیەوە بە چەندین نەخۆشیی جیاواز، پزیشکیی دادی یەزد ڕایگەیاندووە کە توانای مانەوە لە زیندانی نییە، بەڵام دامودەزگا ئەمنییەکان وتوویانە کە ئازادکردنی زەینەب پەیوەستە بە «ڕاگەیاندنی پەشیمانی و تۆبەکردن»یەوە.
زهینهب جهلالیان، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ی ههتاوی (١٩٨٣) له گۆندی «دێم قشڵاق»ی سهر به شاری ماكۆ، لە ٧ی ڕەشەمەی ١٣٨٦ـەوە (٢٥ی فێبرییەی ٢٠٠٨) لە زینداندایە و نەک تەنها تا ئێستا لە مافی پشووی کاتی بێبەش کراوە، بەڵکوو زۆربەی ئەم ساڵانە تەنانەت مۆڵەتی دیداری بنەماڵەیشی پێ نەدراوە. هەروەها سەرەڕای تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر لە قۆناغی بەندکراندا، چەندەها جار بە شێوەی نایاسایی و توندوتیژ لە نێوان زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا جێگۆڕکێی پێ کراوە.
زهینهب جهلالیان ساڵی ١٣٨٧ (٢٠٠٨) بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا و دواجار لە ساڵی ١٣٩٠دا (٢٠١١) سزاکەی کەم کرایەوە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی. ئەم زیندانییە سیاسییە لە قۆناغی دەستبەسەربوون و بەندکراندا خراوەتە بەر ئەشکەنجەی سەختەوە و دوای ١٧ ساڵ هێشتا لەژێر زەختی دامودەزگا ئەمنییەکاندایە و پێیان وتووە کە ڕەزامەندیی ئەوان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و پێدانی مۆڵەتی پشووی دەرمانی، گرێدراوی دەربڕینی پەشیمانییە لە ڕابردوو و چالاکییەکانی. ئەمیرسالار داوودی، پارێزەری زەینەب، چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە بەردەوامبوونی مانەوەی زەینەب لە زینداندا بەپێی یاسای نوێی سزادانی ئیسلامی بەتەواوی نایاساییە و دەبێ دەسبەجێ ئازاد بکرێت.