زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتی کە لە ڕاپەرینەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا (ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون و لە مانگەکانی ڕابردوودا ڕەوانەی بەندی «ئەمنی»ی زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) کراون، تا ئێستایش لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا ڕاگیراون و لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتی کە لە ڕاپەرینەکەی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا (ژانڤییەی ٢٠٢٦) دەستبەسەر کرابوون و ئێستە ئازاد کراون، هەندێ زانیاریی نوێی لەسەر بارودۆخی بەندکراوانی ئەم بەندە ئەمنییە بە دەست هێناوە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانە، لە ڕاپەرینی بەفرانباردا زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتی کە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون، دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکاندا، ڕەوانەی ئەو بەندەی زیندانی ناوەندیی کرماشان کراون.

ئەم بەندە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا دروست کراوە، نزیکەی ٢٠ ژووری هەیە و هەر ژوورێک ١٢ تەختی لێ دانراوە. سەرباری ئەمەیش هەندێ لە بەندکراوان بە هۆی کەمبوونی جێگاوە بە ناچار لەسەر عەرز دەخەون. دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان و بەندکراوانی سیاسیی ناو ئەم بەندە لە مافی دیداری بنەماڵە بێبەش کراون و تەنها یەک جار لە حەفتەدا دەتوانن لە ڕێگای تەلەفۆنەوە زۆر بە کورتی پێوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن. هەروەها ڕۆژانە تەنها نزیکەی نیو کاتژمێر مۆڵەتی چوونەحەوشە (هەواخۆری)یان پێ دەدرێت و حەمامەکانیشی ئاوی گەرمیان نییە و ناچارن هەر بە ئاوی سارد خۆیان بشۆن.

بە گوێرەی زانیارییەکان، تۆمەتی قورسی وەکوو «موحارەبە» ڕووبەڕووی ژمارەیەک لەم دەستبەسەرکراوانە کراوەتەوە، ئەم جۆرە تۆمەتانە دەشێت سزای لەسێدارەدانیشی بەدواوە بێت. عەلی‌ئەشرەف یارئەحمەدی و وەحید قەنبەری دوان لەو هاووڵاتیانەن کە لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباردا لە کرماشان دەستبەسەر کراون و بە تۆمەتی «موحارەبە» سزانامەیان بۆ دەر کراوە.

هەروەها ژمارەیەکی تر لەم دەستبەسەرکراوانە، لەوانە میلاد نەزەری، شەهرام ئەمینی‌خاه، حەمید حاجی‌وەیسی و میلاد سەفەری، هەر لە ناو خۆپیشاندانەکاندا بە چەکی ساچمەزەنی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بوون، مورتەزا عەزیزی و داوود ئێقباڵییش بە هۆی ئەشکەنجەوە بە سەختی بریندار بوون. کەچی سەرباری دۆخی تەندروستیی خراپیان، هەموو ئەم بەندکراوانە تا ئێستە لە وەرگرتنی خزمەتگوزاری و چاودێریی پزیشکی بێبەش بوون.

بەپێی هەمان ئەو زانیارییە نوێیانە، ژمارەیەک هاووڵاتیی سوننەی کوردی خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و سەرپێڵی زەهاویش کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوە سەلەفییەکاندا» دەستبەسەر کرابوون و سزای قورسی وەک بەندکران و لەسێدارەدانیان بۆ دەر چووە، هەر لەم بەندەدا ڕاگیراون.

حسەین پاڵانیی جافی، مەحیەدین عەبدوڵڵاهی و نوورعەزیز دارابی، خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، پێشتر لە پێوەندی لەگەڵ هێرشکردنەسەر بینای پارلەمانی ئێران لە ساڵی ١٣٩٦دا (٢٠١٧) دەستبەسەر کرابوون. لەم دۆسیەیەدا حسەین پاڵانیی جافی و مەحیەدین عەبدوڵڵاهی بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە و نوورعەزیز دارابییش سزای ٢٥ ساڵ بەندکرانی بۆ دەر چووە. سزاکان لە دیوانی باڵای ئێرانیشدا پەسەند کراون و ئەو دوو کەسەیان لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی خێرادان.

سەرچاوە ئاگادارەکان هاوکات باس لە بەردەوامیی ئەشکەنجە و ئازاردانی بەندکراوان و دەستبەسەرکراوان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەکەن. بە وتەی ئەو سەرچاوانە، هێزەکانی ئەم دوو دەزگا سەربازی-ئەمنییە بە شێوەی بەردەوام سەردانی بەندەکە دەکەن و بە بیانووی جۆراوجۆر پەنا بۆ ئەشکەنجە و هەڕەشەی بەندکراوان دەبەن.

هەروەها گوشاریان خستووەتە سەر دەستبەسەرکراون بۆ ئەوەی ناو و ناسنامەی خۆیان بۆ یەکتر ئاشکرا نەکەن، ئەمەیش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیران و بەندکران و بارودۆخی ئێستایان. بنەماڵەکانیشیان ئەگەر هەواڵی منداڵەکانیان بە ڕاگەیاندنەکان بدەن، دەکەونە بەر هەڕەشە و گوشاری هێزە ئەمنییەکانەوە.