خەلیل ڕەسوولی، هاووڵاتیی کوردی کرمانجی خەڵکی بۆجنوورد و لە بریندارانی دەستبەسەرکراوی ڕاپەڕینەکەی بەفرانباری ١٤٠٤ (ژانڤییەی ٢٠٢٦) کە بە گشتی سزای ٨ ساڵ بەندکران، ٨٠ قامچی و ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری خاشی بەسەردا سەپاوە، ئێستە لە زیندانی ناوەندیی مەشهەد (وەکیلئاباد) دوور لە خزمەتگوزاریی پزیشکی ماوەی سزاکە تێ دەپەڕێنێت.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بەفرانباردا بە دوو گوللەی دەمانچە پێکرا و لە لای قاچەوە بریندار بوو، دوای چەند کاتژمێرێکیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی بۆجنوورد.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە خاکەلێوەی ١٤٠٥دا () لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانە و لە کاتێکدا کە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی بۆجنووردەوە بە تۆمەتی «هاندانی ئاژاوەگێڕی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «شێواندنی ماڵوموڵکی گشتی» سزای ٨ ساڵ بەندکران، ٨٠ قامچی و ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری خاشی بەسەردا سەپا.

ئەگەرچی بە گوێرەی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان (مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی) تەنها گەورەترین سزاکە، واتە ٦ ساڵ بەندکران، دەبێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دادوەری دۆسیەکە بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەی ڕاگەیاندووە کە یاسای کۆکردنەوەی سزاکان لەسەر دۆسیەکەی ئەو جێبەجێ ناکرێت.

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ١٢ی گوڵانی ١٤٠٥ (٢ی مەیی ٢٠٢٦) دوای ئەوەی بڕیارەکەی دادگای یەکەم لە دادگای پیاچوونەوەدا پەسەند کرا، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی مەشهەد (وەکیلئاباد) کرا و بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو بێبەش بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەوترێت بە هۆی برینداربوونەوە لە خۆپیشاندانەکاندا لە دۆخێکی تەندروستیی خراپ و ناجێگیردایە.