کەژاڵ ڕەحمانی، ئەندامی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان کە لە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ـەوە (٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) لەگەڵ هاوسەر و براکەیدا، عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە، لە هەژدەیەم ڕۆژی مانگرتن لە خواردندا و دوای دیدارێک لەگەڵ بنەماڵەکەی و لەسەر داوای ئەوان، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ئەوەی دەستبەسەر کرا، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی خۆی و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیدا و هەروەها بێڕێزیکردنی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا و گوشاری لێپرسەوەکان بۆ دۆسیەسازیی ناڕەوا، مانی لە خواردن گرتبوو.

 تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٢٣ی ژوەنی ٢٠٢٦) بنەماڵەی کەژاڵ ڕەحمانی توانیویانە لە هەژدەیەم ڕۆژی مانگرتنەکەیدا لە زیندانی ژنانی سنە (کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت – چاکسازیی ژنان) دیدارێکی ڕووبەڕووی لەگەڵدا بکەن، لەو دیدارەدا داوایان لێ کردووە کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن بهێنێت و ئەویش دوای هەژدە ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.

ئەم چالاکوانە دەستبەسەرکراوە بە هۆی مانگرتنەکەوە تووشی دابەزینی کێش، دابەزینی توانای جووڵەکردن، دابەزینی زەختی خوێن و کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی لێدانی دڵ بووە.

دەوترێت لە ماوەی مانگرتنەکەدا پزیشکەکانی نەخۆشخانەی زیندان داوایان کردووە بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بکرێت، بەڵام لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕێگرییان لەو کارە کردووە.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا کە توانای جووڵەکردنی کەژاڵ ڕەحمانی دابەزیبوو، بە یارمەتیی فەرمانبەرانی زیندان بۆ لێپرسینەوە دەبرایە بەشی کارگێڕیی زیندانی ژنان.

بنەماڵەی کەژاڵ ڕەحمانی پێشتر لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥دا (٢٠ی ژوەنی ٢٠٢٦) چووبوونە بەردەم دادوەری لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێران و داوای دیاریکردنی چارەنووس و دیداری کچەکەیان کردبوو، بەڵام ئەو بەرپرسە پێی ڕاگەیاندبوون کە مانگرتنەکە هیچ کاریگەرییەک لەسەر پرۆسەی لێپرسینەوە لە لایەن لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دانانێت و تەنانەت ئەگەر لە ئەنجامی مانگرتنەکەدا گیانیشی لە دەست بدات، تەنها فەوتنامەیەکی بۆ دەر دەکەن.

تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی هاوژین و برا دەستبەسەرکراوەکەی، عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی، بەردەست نەکەوتووە. ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش بوون.

بە وتەی بەرپرسانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێران، تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی دەرەوەی ئێراندا» ڕووبەڕووی ئەم سێ هاووڵاتییە کراوەتەوە و بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ٢٠ ڕۆژەیان بۆ دەر کراوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ماڵەکانی کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانییان لە شاری کامێران دا و دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکانیان، بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ ئەم خوشک و برایەیان دەستبەسەر کرد. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە ئەمنییەکان سەرەتا بە هەڵە چووبوونە ناو ماڵێکی دیکەوە، لەو کاتەدا هاووڵاتییەکی ناو ماڵەکە لە خەودا بووە و بە بینینی هێزە چەکدار و دەمامکدارەکان شۆک دەبێت و لەسەر خۆ دەچێت.

هەروەها عیسا فەیزی لە کاتی دەستبەسەرکردنی هاوژینەکەیدا لە ماڵەوە بووە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلەکەی ئەویشدا گرتبوو. عیسا فەیزی کاتژمێرێک دواتر بە مەبەستی وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی هاوسەر و برای هاوسەرەکەی سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران دەکات، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی ئەوەی چەند پرسیارێکی لێ دەکەن دەیبەنە ناو بیناکەی ئیدارەی ئیتلاعات و ئەویش بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر دەکەن.

لە درێژەی گوشارەکاندا بۆ سەر ئەم بنەماڵە دادخوازە، ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (١٣ی ژوەنی ٢٠٢٦) هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری کامێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکانی چوار ئامۆزای دیکەیان و دەستیان بەسەر مۆبایلەکانیاندا گرت، هەروەها داوایان لێ کردن دەسبەجێ سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بکەن. پاش سەردانکردنی ئەو ناوەندە ئەمنییە، لە کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە تا ٥ی دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ بە دەستبەسەری گلیان دابوونەوە و لەسەر چالاکییەکانی کەژاڵ ڕەحمانی، دانیال ڕەحمانی و عیسا فەیزی لێپرسینەوەیان لێ کردبوون، پاشانیش ئازادیان کردبوون.

عیسا فەیزی، چالاکوانی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو، پێشتر لە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٧دا (٥ی ژانڤییەی ٢٠١٩) لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکوانانی مەدەنیی کامێراندا دەستبەسەر کرابوو و دوای زیاتر لە پێنج مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای شەش ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.

کەژاڵ و دانیال ڕەحمانییش لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستانن. براکەیان جەمال ڕەحمانی کە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بوو، ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کوژرا. بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بنەماڵەکەیان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان یان ئاگاداربوونەوە لە شوێنی ئەسپەردەکردنی، چەندەها جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانیان لە شارەکانی کامێران و سنە کردووە، بەڵام تا ئێستە هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە. هەروەها برایەکی دیکەیشیان، ڕێبین ڕەحمانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانە.