لقی سێیەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێران بڕیاری دەستبەسەربوونی کەژاڵ ڕەحمانی، عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانیی بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم سێ هاووڵاتییە دادخوازە کە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی کامێران و زیندانی ژنانی سنەدا ڕاگیراون، بانگهێشتی بەردەم بەشی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی زیندانەکانیان کراون و بە شێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیەنراوە کە بڕیاری دەستبەسەربوونیان درێژ کراوەتەوە. ئەمەیش لە کاتێکدایە کە هەرسێکیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی پێوەندیی تەلەفۆنی و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراون و تەنها چەند جارێک توانیویانە زۆر بە کورتی و بە ئامادەبوونی کاربەدەستانی زیندان لەگەڵ بنەماڵەکانیان دیدار بکەن.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥دا (٢٩ی ژوەنی ٢٠٢٦) عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی کە دوای سێ حەفتە بۆ یەکەم جار مۆڵەتی دیداری بنەماڵەیان پێ درابوو، لە دیدارەکەدا وتبوویان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون. دوای دیدارەکە، بنەماڵەکانیان بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لە لێپرسەوەکان سەردانی دادگایان کردووە، بەڵام بەرپرسانی دادگا تا ئێستە هیچ لێکۆینەوەیەکیان بۆ سکاڵاکە نەکردووە و بەرپرسانی زیندانیش ئامادە نەبوون سکاڵای ئەم دوو زیندانییە سیاسییە تۆمار بکەن.

کەژاڵ ڕەحمانی لەگەڵ دانیال ڕەحمانیی برایدا ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) دوابەدوای هێرشکردنی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان لە شاری کامێران دەستبەسەر کران، هاوکات عیسا فەیزییش کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی کەژاڵ ڕەحمانیی هاوسەری سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانی کردبوو، هەر لەوێ دەستبەسەر کرا.

کەژاڵ ڕەحمانی کە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ژنانی سنە (کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت – چاکسازیی ژنان) ڕاگیراوە، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی خۆی و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیدا و هەروەها بێڕێزیکردنی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا و گوشاری لێپرسەوەکان بۆ دۆسیەسازیی ناڕەوا، بۆ ماوەی ١٨ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو. عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانییش تا ئێستە لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی کامێراندا ڕاگیراون.

دۆسیەی هەرسێکیان بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی دەرەوەی وڵاتدا» لە لقی سێیەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێران لە بەردەم لێکۆڵینەوەدایە.

کەژاڵ و دانیال ڕەحمانی لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستانن. براکەیان جەمال ڕەحمانی کە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بوو، ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کوژرا. بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بنەماڵەکەیان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان یان ئاگاداربوونەوە لە شوێنی ئەسپەردەکردنی، چەندەها جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانیان لە شارەکانی کامێران و سنە کردووە، بەڵام تا ئێستە هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە. هەروەها برایەکی دیکەیشیان، ڕێبین ڕەحمانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانە.