وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد، بە دەستووری دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بۆ ماوەی نادیار و بە شێوەی بێسنوور لە مافی پێوەندیی تەلەفۆنی و دیداری بنەماڵە بێبەش کرا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بڕیارە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە وریشە ئامادە نەبوو لە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا ئامادە بێت. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادوەر سەڵەواتی وەک کاردانەوەیەک لە بەرانبەر ئەم بڕیارەی وریشەدا، دەستووری داوە ئەم زیندانییە سیاسییە بۆی نییە تا ماوەیەکی نادیار بە تەلەفۆن پێوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بگرێت یاخود دیداریان لەگەڵ بکات.
وریشە مورادی پێشتریش چەند جارێک بە هۆی پاڵپشتیکردنیەوە لە کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە» لە مافی پێوەندیی تەلەفۆنی و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو.
وریشە مورادی، خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە کاتی گەڕانەوەدا لە کرماشانەوە بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا بە دەسڕێژ و تەندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا. وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.
ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕوبوونەوەی سزای لەسێدارەداندا و وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر سەپاندن و جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە زیندانی ئێڤینی تاران مانی لە خواردن گرت. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە بە هۆی کێشەی کۆئەندامی هەرسەوە کە دوای ئەو مانگرتنە تووشی بووە، ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندان کرا و دوای شەوێک مانەوە لە نەخۆشخانەدا گەڕێنرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.
دانیشتنەکانی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژانی ٢٧ی جۆزەردان و ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٦ی ژوەن و ٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بەڕێوە چوو و ڕۆژی ٢٠ی گەڵاڕێزان (١٠ی نۆڤامبەر) بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. لە دانیشتنەکانی دادگادا مۆڵەتی بەرگریکردن بە وریشە مورادی نەدرا و تەنانەت پارێزەرەکانیشی ئەو مۆڵەتەیان پێ نەدرا. هەروەها پارێزەرەکانی کە پێشتر مۆڵەتی خوێندنەوەی دۆسیەکەیان پێ نەدرابوو، دوای کۆتاییهاتنی دووهەم دانیشتنی دادگا تەنها بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک توانیبوویان دۆسیەی پارێزوانەکەیان بخوێننەوە.
سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی لە کاتێکدا بوو کە پێشتر لە سزانامەی سەرەتادا داوای جێبەجێکردنی مادەی ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامیی بۆ کرابوو کە دوایین سزاکەی ١٥ ساڵ بەندکرانە، بەڵام دادوەر سەڵەواتی لە پرۆسەیەکی نایاساییدا و بەپێی مادەی ٢٨٧ی هەمان یاسا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
لە سەرماوەزی ١٤٠٤دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٥) موستەفا نیلی، پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە، هەواڵی هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانەکەی لە دیوانی باڵای ئێراندا ڕاگەیاند و وتی دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوە بە دۆسیەکەی وریشە مورادیدا لە دیوانی باڵا، لەبەر ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و ڕەچاونەکردنی پرەنسیبە یاساییەکان (ڕووبەڕوونەکردنەوەی تۆمەتەکە وەک بنەمای دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا) دادنامەکەی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە سەرلەنوێ بە مەبەستی لێکۆڵینەوە گەڕێنرایەوە بۆ بەردەم هەمان دادگای یەکەم.
ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە ڕەزبەری ١٤٠٣دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لەگەڵ چەندین ژنەزیندانیی سیاسیی دیکەی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤیندا لە لایەن دادگای کەیفەریی دووی کۆمەڵگەی دادوەریی قودسی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولفەزل عامیری، بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی زیندان» سزای ٦ مانگ بەندکرانیشی بەسەردا سەپا.