کەژاڵ ڕەحمانی، عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی، لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی دادخوازی کوردستان، دوای ٤٣ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە لە زیندانەکانی کامێران و ژنانی سنە ئازاد کران.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٩ی جولایی ٢٠٢٥) بڕی دوو میلیارد تمەن بارمتە بۆ هەرکامیان دانراوە و لە زیندانی کامێران و زیندانی ژنانی سنە ئازاد کراون.
ئەم هاووڵاتیانە لە قۆناغی دەستبەسەربووندا بە «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی دەرەوەی وڵاتدا» تۆمەتبار کراون و بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوون.
ئەم سێ هاووڵاتییە لە کاتێکدا ئازاد کراون کە بەرپرسانی فەرمانگەی دادی کامێران تا ئێستە ئامادە نەبوون لێکۆڵینەوە بۆ سکاڵاکەی عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی بکەن، ئەم هاووڵاتیانە سەبارەت بە ئەشکەنجەدرانیان لە لایەن لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە کامێران، سکاڵایان تۆمار کردووە.
بە وتەی بنەماڵەی ڕەحمانی، دانیال ڕەحمانی لە ڕۆژانی یەکەمدا مانی لە خواردن گرتبوو و ماوەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە بەر ئەشکەنجەی سەختی جەستەییەوە و بە باتۆم و دار لێیان دابوو. دوای حەفتەیەکیش لەگەڵ عیسا فەیزی گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی کامێران، بەڵام لەو ماوەیەدا چەندین جار بە مەبەستی لێپرسینەوە براوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و سەرلەنوێ ئەشکەنجە دراوەتەوە. بنەماڵەکەی دەڵێن سەرباری ئەوەی ئاسەواری ئەشکەنجەکان بەسەر جەستەی هەردووکیانەوە دیار بووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئامادە نەبوون دۆخی جەستەییان تۆمار بکەن.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ماڵەکانی کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانییان لە شاری کامێران دا و دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکانیان، بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ ئەم خوشک و برایەیان دەستبەسەر کرد. هاوکات عیسا فەیزییش کە هاوژینی کەژاڵ ڕەحمانییە، دوای ئەوەی بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی هاوسەرەکەی سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانی کردبوو، هەر لەوێ دەستبەسەر کرابوو.
کەژاڵ ڕەحمانی دوای ڕۆژێک مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێراندا ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی سنە کرا. ئەم چالاکوانە کوردە لە ماوەی دەستبەسەربووندا وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی نایاسایی، هەڵسوکەوتی پڕ لە سووکایەتیی هێزە ئەمنییەکان و گوشاری لێپرسەوەکان بۆ دۆسیەسازی، ماوەی ١٨ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.
عیسا فەیزی، چالاکوانی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو، پێشتر لە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٧دا (٥ی ژانڤییەی ٢٠١٩) لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکوانانی مەدەنیی کامێراندا دەستبەسەر کرابوو و دوای زیاتر لە پێنج مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای شەش ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.
بنەماڵەی ڕەحمانیش لە بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستانن. براکەیان جەمال ڕەحمانی کە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بوو، ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کوژرا. بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بنەماڵەکەیان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان یان ئاگاداربوونەوە لە شوێنی ئەسپەردەکردنی، چەندەها جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانیان لە شارەکانی کامێران و سنە کردووە، بەڵام تا ئێستە هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە. هەروەها برایەکی دیکەیشیان، ڕێبین ڕەحمانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانە.