چوار زیندانیی سیاسیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە بۆکان بە ناوەکانی ڕزگار بەیگزادەی بابامیری، عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی، سەرباری تێپەڕینی زیاتر لە ٤٠ مانگ هێشتا لە دۆخی هەڵپەسێردراودا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراون. ئەگەرچی سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسیانە لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٤دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٥) لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە، بەڵام دۆسیەکە دوای چەندین مانگ ڕادەستی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان کرا و تا ئێستە لێکۆڵینەوەی بۆ نەکراوە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم چوار زیندانییە سیاسییە لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار داوای گوازرانەوە بۆ زیندانی بۆکانیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان و دەزگای دادوەری تا ئێستە هیچ ئاوڕێکیان لە داواکارییەکانیان نەداوەتەوە.

هەروەها لە مانگەکانی ڕابردوودا یەکێک لە لقەکانی دیوانی باڵای ئێران لە دۆسیەیەکی دیکەدا کە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» بۆ ئەم زیندانییە سیاسیانە کرابووەوە، سزاکانی بەم شێوەی گۆڕی: قەساسی نەفسی پژمان سوڵتانی گۆڕدرا بۆ ٩ ساڵ بەندکران، سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی ڕزگار بەیگزادەی بابامیری گۆڕدرا بۆ ٩ ساڵ بەندکران و سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی عەلی (سۆران) قاسمییش گۆڕدرا بۆ ٥ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران.

ئەم هاووڵاتیانە پێشتر لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە بە تۆمەتی وەک «بەغی»، «موحارەبە»، «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» و «سەرپەرشتی و پێکهێنانی گرووپی تاوانکارانەی باغی» بە گشتی سزای ١٠ جار لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو. لە هەمان ئەو دۆسیەیەدا تۆمەتبارێکی دیکەیش، تەیفوور سەلیمیی بابامیری کە بە بارمتە ئازاد کرابوو، سزای جارێک لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.

ئەم زیندانییە سیاسیانە جیا لە سزای لەسێدارەدان، بە تۆمەتی وەک «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتی دژبەری ئیسراییل لە ڕێگای جێبەجێکردنی ڕاسپاردە هەواڵگرییەکانی مووسادەوە»، «بەشداریکردن لە قاچاخی ١٢٠ ئامێری سەتەلایتی ستارلینکدا»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکردن دژ بە ئاسایشی ئێران» هەرکامە سزای ٥ تا ١٥ ساڵ بەندکران و پێبژرادنی کۆی گشتیی ٤٣ میلیارد و ٥٨ میلیۆن تمەن پارەیان بەسەردا سەپابوو.

دوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکان لە دیوانی باڵای ئێراندا، دۆسیەکە سەرەتا نێردرایە دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەهاباد و پاشان ڕەوانەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان کرا. دەوترێت دامودەزگا ئەمنییەکان سەرباری هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتیانە، زەختی خستووەتە سەر بەرپرسانی دادوەریی بۆکان تاکوو دیسان هەمان سزا بەسەر ئەم چوار زیندانییە سیاسییەدا بسەپێننەوە.

ئەم هاووڵاتیانە ئێستە دوای زیاتر لە ٤٠ مانگ دەستبەسەربوون، لە بەندی ئێرشاد (بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی)ی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودان.

ڕزگار بەیگزادەی بابامیری، عەلی (سۆران) قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی لەگەڵ ١٠ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکاندا کە ئێستە بە بارمتە ئازاد کراون، لە کۆتایی خاکەلێوە و سەرەتای گوڵانی ١٤٠٢دا (ئاڤریلی ٢٠٢٣) بە هۆی بەشداریکردنەوە لە سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی بۆکان و بانە دەستبەسەر کران.

ئەم هاووڵاتیانە بۆ ماوەی چەندین مانگ لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و بۆکاندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی قورسەوە و ڕۆژی ١ی خەرمانانی ١٤٠٢ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. ئەم هاووڵاتیانە لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوون.

هەواڵنێریی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران، ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (١٤ی جولایی ٢٠٢٤) لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا دانپیانانی زۆرەملێی ئەم چوار زیندانییە سیاسییەی بڵاو کردەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆیان ڕایانگەیاندووە کۆی دانپیانانەکان کە لە لایەن دادگاوە کراونەتە بنەمای سەپاندنی ئەو سزا قورسانە، لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا وەرگیراون.