مەهدی پوورموراد، زیندانیی سیاسیی تورکی خەڵکی ورمێ کە دووەم ساڵ لە سزا ١٨ ساڵییەکەی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ تێ دەپەڕێنێت، لەبەر ڕێگریکردنی ئیدارەی ئیتلاعات مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ نادرێت.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مەهدی پوورموراد، هاووڵاتیی دانیشتووی گوندی «کچەباش»ی ورمێ، ڕۆژی ٧ی گوڵانی ١٤٠٤ (٢٧ی ئاپریلی ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەم گوندەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ.
لە کاتی دەستبەسەرکردن و لە قۆناغی لێپرسینەوەدا، هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی ناچارکردنی بە دانپیانانی زۆرەملێ، هاوسەر و منداڵەکانیشیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەستبەسەر کردبوو. مەهدی پوورموراد دوای دوو مانگ مانەوە لەم دەستبەسەرگەیەدا و گوشاری و ئەشکەنجەی دەروونیی زۆر، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
چەند مانگێک دواتر و سەرباری ئەوەی لە مافی وەرگرتنی پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش کرابوو، دانیشتنی دادگاییکردنی بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە ڕێکخراوەی مەجاهیدینی گەلدا، «بانگەشەکردن لە قازانجی ڕژێمی زایۆنیستی» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر»، بە ڕیز سزای ١٥ ساڵ، ١٨ مانگ و ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگەکانی ڕابردوودا و دوای پەسەندکردنی بڕیارەکەی دادگا، داوای مۆڵەتی پشووی کاتیی کردبوو. بەڵام بەرپرسانی زیندان پێیان ڕاگەیاندووە بە هۆی ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە مۆڵەتی پشووی کاتی و هەموو جۆرە مافێکی دیکە بێبەش کراوە.
بە درێژایی ئەو ماوەیە لێپرسەوە ئەمنییەکان گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر ئەم زیندانییە سیاسییە و بنەماڵەکەی، هەر بۆیە تا ئێستە هیچ هەواڵێک لەسەر دەستبەسەرکردن، ڕەوتی دۆسیەکەی و بارودۆخی بڵاو نەکراوەتەوە.