عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران تێدەپەڕێنێت، لە شەشەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردندایە. ئەم زیندانییە سیاسییە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە، لە ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕەزبەرەوە (١٤ی ئۆکتۆبەر) مانی لە خواردن گرتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی ڕۆژی ڕابردوو لە بەندی زیندانیانی سیاسییەوە براوەتە نەخۆشخانەکەی زیندانی ورمێ و دوای بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانی و وەرگرتنی کانوولە (سیرۆم)، کۆتایی بە مانگرتنە وشکەکەی هێناوە، بەڵام هاوکات ڕایگەیاندووە کە تا داواکارییەکەی بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی جێبەجێ نەکرێت درێژە بە مانگرتنی تەڕ دەدات.

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕەزبەر (١٤ی ئۆکتۆبەر) نامەی مانگرتنەکەی ڕادەستی بەرپرسانی زیندان کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە، مان لە خواردن دەگرێت و مانگرتنەکەیشی وشک دەبێت.

لە چەند مانگی ڕابردوودا بەرپرسانی زیندان و دادوەری چاودێری زیندان ڕەزامەندیی خۆیان لەگەڵ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتیدا بەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیاندووە، بەڵام داواکاری گشتیی ورمێ دوابڕیاری بەستووەتەوە بە ڕەزامەندیی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە. بەڵام ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییە داواکارییەکەی ڕەت کردووەتەوە.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە حاڵێکدا کە بە بۆنەی دۆسیەیەکی ناسیاسییەوە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا بوو، لەم زیندانەوە گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ئەم شارە.

ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، ئومید سەعیدی، نایب حاجیزادە و کەیوان ڕەشۆزادە کە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» بۆ ماوەی دوو مانگ لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا خرانە ژێر لێپرسینەوە. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی پێشتر هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ ئەم کەسانەدا نەبووە.

دادگای ئەم هاووڵاتیانە دوای ساڵێک لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. حوکمەکەی ئەم هاووڵاتییە دوای ماوەیەک لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ (٢٦ی ژانڤییەی ٢٠٢١) دوای دەرکردنی حوکمەکە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کرا و دوای ٧ مانگ لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە دەستبەسەر و ڕەوانەی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ کرایەوە.