بەندکراوێکی زیندانی بۆکان بە ناوی حەیدەر فەیزی، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست سزادران لە لایەن دادگاوە، لێوەکانی دووریوەتەوە و مانی لە خواردن گرتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوەی خەڵکی سەقز کە لە سەرەتای جۆزەردانی ئەمساڵدا (کۆتایی مەیی ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «تاوانی ماڵی» دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرابوو، لە ڕۆژی هەینی ٥ی گەڵاڕێزانەوە (٢٧ی ئۆکتۆبەر) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست سزادران لە لایەن دادگاوە، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتووە.
حەیدەر فەیزی دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکە گوازراوەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندان و لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە. ئەم هاووڵاتییە لە سەرەتای ئەم مانگەیشدا بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتبوو، بەڵام دوای بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ هاوکاریکردن و بەدواداچوونی داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.
ئەم زیندانییە نزیکەی مانگێک لەمەوپێش بە تۆمەتی «تاوانی ماڵی» سزای ٣ ساڵ بەندکران، ٧٠٠ میلیۆن تمەن غەرامەی پارە و پێدانەوەی قەرزەکانی بۆ دەرچوو. ناوبراو بە پێشکەشکردنی کۆمەڵێک بەڵگە بە دادگا، ڕایگەیاندووە کە ئەو سزایە نادادپەروەرانەیە و داوای کردووە لێکۆڵینەوە بۆ بەڵگەنامەکانی بکرێت.