عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، زیندانیی سیاسیی کورد، لە بیست و حەوتەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا لە نەخۆشخانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە دۆخێکی زۆر خراپ و ناجێگیردایە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسی گشتیی زیندانەکان و سەرۆکی گشتیی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەو نەخۆشخانەیەدا لەگەڵ عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی دیداریان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەی لەمەڕ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی هەڵنەگیراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە لە بیست و حەوتەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا تووشی کەوتنی زەخت، دابەزینی کێش و لاوازبوونی بەرچاوی جەستە بووە و پزیشکانی نەخۆشخانەی زیندان ڕایاگەیاندووە کە لەبەر دۆخی خراپی تەندروستییەکەی بە هۆی پێشینەی نەخۆشیی خوێنلێچوونی مەعیدەوە، درێژەدان بە مانگرتنەکە مەترسیی لەسەر دروست کردووە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا موراد فەتحی، بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ناسر عەتەباتی، سەرۆکی گشتیی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، زیندانی ناوەندیی ورمێیان بەسەر کردووەتەوە و لە نەخۆشخانەکەی زینداندا لەگەڵ عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی دیداریان کردووە و وتوویانە کە بەدواداچوون بۆ داواکارییەکەی دەکەن.
دەوترێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکی گشتیی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕەزامەندیی خۆی بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی بەم زیندانییە سیاسییە نیشان داوە، بەڵام تا ئێستا دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هیچ وەڵامێکی بە نامەکەی ئەم بەرپرسەی دەزگای داد نەداوەتەوە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ وەکوو دواسەرچاوەی بڕیاردان لەسەر داواکاریی زیندانیانی سیاسی بۆ پێدانی ئازادیی مەرجدار و مۆڵەتی پشووی کاتی، سەرەڕای ڕەزامەندیی شۆرای پۆلێنبەندیی زیندان و دادوەری چاودێری زیندان، داواکارییەکانیان ڕەت کردووەتەوە. هەروەها ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ کە لەگەڵ نەخۆشیی جۆراوجۆردا دەستەویەخەن، بە هۆی دژایەتیکردنی ئەم دوو دەزگا ئەمنییەوە لەگەڵ هەناردنیاندا بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان یان پێدانی مۆڵەتی پشووی دەرمانی، لە دۆخێکی تەندروستیی خراپدا دەژین.
عەبدولعەیزیز گوڵمحەممەدی لە ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕەزبەرەوە (١٤ی ئۆکتۆبەر) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەگەڵ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتیدا، مانگرتنی وشک لە خواردنی ڕاگەیاند.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە پێنج ڕۆژی یەکەمدا مانگرتنەکەی وشک بوو، بەڵام دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەکەی زیندان و بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانی، بە وەرگرتنی کانوولە (سیرۆم) کۆتایی بە مانگرتنە وشکەکەی هێنا، بەڵام هاوکات ڕایگەیاندووە کە تا داواکارییەکەی بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی جێبەجێ نەکرێت درێژە بە مانگرتنی تەڕ دەدات.
عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە حاڵێکدا کە بە بۆنەی دۆسیەیەکی ناسیاسییەوە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا بوو، لەم زیندانەوە گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ئەم شارە.
ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، ئومید سەعیدی، نایب حاجیزادە و کەیوان ڕەشۆزادە کە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» بۆ ماوەی دوو مانگ لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا خرانە ژێر لێپرسینەوە. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی پێشتر هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ ئەم کەسانەدا نەبووە.
دادگای ئەم هاووڵاتیانە دوای ساڵێک لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. حوکمەکەی ئەم هاووڵاتییە دوای ماوەیەک لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.
عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ (٢٦ی ژانڤییەی ٢٠٢١) دوای دەرکردنی حوکمەکە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کرا و دوای ٧ مانگ لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرایەوە.