هادی ڕوستەمی، ڕەزا ڕەمەزانی و سەلاح کەریمی، سێ بەندکراوی خەڵکی شارەکانی ئیلام و بۆکان، لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا مانیان لە خواردن گرتووە. ئەم سێ بەندکراوە کە لە دوازدەهەم و سێزدەهەم ڕۆژی مانگرتندان، لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هادی ڕوستەمی، بەندکراوی سزادراو بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە کە ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) دوای ئەشکەنجەدران لە لایەن پاسەوانەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێوە و بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا، لە دوازدەهەم ڕۆژی مانگرتندایە. ئەم زیندانییە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر گوازرانەوەدا بۆ ژووری تاکەکەسی مانی لە خواردن گرتووە و لەم ماوەیەدا بە هۆی خوێنلێچوونی گورچیلەوە جارێکیش ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندان کراوە.
هەروەها پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و لە ژووری تاکەکەسیدا لەگەڵ هادی ڕوستەمی دیدار و هەڕەشەی لێ کردووە کە سزای بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی جێبەجێ دەکات.
لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (فێبرییەی ٢٠٢٤) زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا داوایان کردبووە پەیمان خانزادە، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە، لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە. ئەم بەندکراوانە ئاماژەیان بە ئازاردانی زیندانیان و بنەماڵەکانیان لە لایەن سەرۆکی زیندانەوە کردبوو و وتبوویان کە بە هۆی ئەم گوشار و ئازارانەوە چەندین بەندکراو هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.
هەروەها ڕەزا ڕەمەزانی و سەلاح کەریمی، دوو بەندکراوی خەڵکی بۆکان کە ڕۆژی ٥ی ڕەزەری ١٤٠٣ (٢٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) بە هۆی دەمەقاڵە و تێکهەڵچوونەوە لەگەڵ پاسەوانەکانی زیندانی بۆکاندا و بە مەبەستی سزادان لەو زیندانەوە دوور خرانەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە سێزدەهەم ڕۆژی مانگرتن لە خواردندان. دەوترێت ئەم دوو بەندکراوە کە پێشتر بە تۆمەتی «شەڕ و تێکهەڵچوون» لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوون، لە زیندانی ئەم شارەدا لە لایەن هێزەکانی گاردی زیندانەوە بە سەختی ئەشکەنجە دراون و سەرباری ئەوەی بە هۆی ئەو ئەشکەنجە و لێدانەوە بریندار بوون، بە مەبەستی سزادان ڕەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون.
ئەم دوو بەندکراوە لە ڕۆژی ٥ی ڕەزبەرەوە (٢٦ی سێپتامبەر) مانیان لە خواردن گرتووە.