وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە بە تۆمەتی «بەغی» لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندایە، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕووبوونەوەی سزای لەسێدارەداندا ڕایگەیاندووە کە بۆ ماوەیەکی بێسنوور و نادیار مان لە خواردن دەگرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) ئەم زیندانییە سیاسییە هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕووبوونەوەی سزای لەسێدارەداندا، لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا و هەروەها بەردەوامبوونی دۆخی هەڵپەسێردراوی خۆی لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندا، دەستی بە مانگرتنی بێسنوور کردووە.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە گەلاوێژی ١٤٠٢ـەوە (ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە دۆخێکی نادیار و هەڵپەسێردراودا دەستبەسەرە و ڕۆژی ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی و بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) بەڕێوە چووبوو.
پێشتر و لە ڕێکەوتی ٧ی خەرمانانی ١٤٠٣دا (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) بە هۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی و دادوەر عەمووزادی ڕاوێژکاری دادگاوە، کۆبوونەوەکە هەڵوەشابوویەوە و دوا خرابوو بۆ کاتێکی دیکە.
یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بەڕێوە چوو، لەم کۆبوونەوەیەدا وریشە مورادی مۆڵەتی وەڵامدانەوە و بەرگریکردنی پێ نەدرا و دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی تەنانەت بە پارێزەرەکانیشی مۆڵەتی بەرگریکردنی نەدا.
ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ کاتی دیاریکراودا بۆ دادگاییکردنی، بەرگرینامەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە ڕووی لە ڕای گشتی بوو، لە ماڵپەڕی «بیدارزنی»دا بڵاو کرایەوە. وریشە مورادی لە نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە مورادیدا لە کۆبوونەوەکەی دادگادا بەشداری ناکات.
وریشە مورادی لە بەشێک لە نامەکەیدا کە لە لایەن ماڵپەڕی «بیدارزنی»یەوە بڵاو کرایەوە، وتوویەتی: «سزای نادادپەروەرانەی لەسێدارەدانی چالاکانی ژن (شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی) لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، دداننانی کۆماری ئیسلامییە بە ناکارامەبوون و دۆشداماوبوونی سیاسیی خۆیدا. بانگەشەی بەهێزبوونی دەوڵەتی نوێ، زاڵکردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن و پەرەدان بە سەرکوتکردنەکان لە سەروبەندی ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، تەنها خەیاڵێکی پووچەڵە و هیچی تر. هەر بەم مەبەستەیشە کە من بە تاوانی ژنبوون، کوردبوون و گەڕان بە دوای ژیانی ئازاددا تۆمەتی «بەغی»م ڕووبەڕوو کراوەتەوە. ئێستایش دوای تێپەڕینی ساڵێک لە دەستبەسەربوونی کاتی، لە نۆبەتی دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردندام لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی لە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژدا (٤ی ئاگۆست). گەرچی دەزانم ئامادەنەبوون لە دادگادا ڕەنگە وەک ئامادەنەبوون بۆ بەرگریکردن لە خۆم لێک بدرێتەوە، بەڵام وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر هەڤاڵانم پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدیدا، ناڕۆمە دادگا و ئامادە نیم ئاوا دادگایەک کە حوکمێکی دادپەروەرانەی تێدا دەر ناکرێت، بە فەرمی بناسم».
ئەم ژنەچالاکە لە درێژەی نامەکەیدا نووسیبوی: «لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢دا (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی سنە بۆ کامێراندا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کرام. دەسڕێژی گوللە، شکاندنی جامی ئۆتۆمبێلەکە، ئەشکەنجە و ئازاردانی فیزیکی لە ساتەوەختی دەستگیرکردندا، شەڕی دەروونی، لێپرسینەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا (ئەشکەنجەی سپی) دوور لە چاوی کامێراکان بۆ ئەوەی ئەو هەڵسوکەوت و کردارە نائەخلاقییانەیان تۆمار نەکرێت، لێپرسینەوە لە بەردەم کامێرادا بە مەبەستی داماڵینی ئیرادە و ئەو گوشارانەی لە ماوەی ١٣ ڕۆژ ڕاگیران لە ئیتلاعاتی سنەدا خرایە سەرم، تەنها بەشێکن لە کۆی ئەو گوشارانەی ڕوبەڕووم کراوەتەوە. ئەوان پێیان وتم تۆ وەحشیت، وتیان لە ژنبوون داماڵڕاویت! بۆچی ناگریت؟ دواهەم جارێک گریای کەی بوو؟ دواهەم جارێک بۆنت بە گوڵێکەوە کردووە کەی بوو؟ دوای ئەوە گواستمیانەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، لەوێیش لەژێر لێپرسینەوە و گوشاری فراواندا، لەوانە ئەشکەنجەی سپی، سیناریۆسازیی دژواز و فریودەرانە و هەڕەشەی تیرۆری کەسایەتی و وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و…، بۆ ماوەی چوار مانگ و نیو ڕایان گرتم. سەرئێشەی قورس و خوێنلێچوونی بەردەوام (خوێنبەربوونی لووتم)، تەشەنەسەندنی ئێشی مل و پشتم، دیارییەکانی ڕۆژانی ژیانم بوون لە ژووری تاکەکەسیدا».
لە کاتێکدا کە وا بڕیار بوو یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە سیاسییە ڕۆژی ٢٤ی گوڵان (١٣ی مەی) بەڕێوە بچێت، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار دوا خرا و ڕۆژی ٢٥ی گوڵان (١٤ی مەی) هەر بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی، بە مەبەستی لێپرسینەوەی دووبارە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی ئەو زیندانە. وریشە و پەخشان عەزیزی وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست ئەم گواستنەوەیەدا، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت.
وریشە مورادی، خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشان و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا.
ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا. وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.