دۆخی تەندروستیی وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە بەرانبەر دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا پازدەهەم ڕۆژی مانگرتنی بێسنووری خۆی تێدەپەڕێنێت، ناجێگیر و خراپە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، کێشی ئەم زیندانییە سیاسییە لەم ماوەیەدا ٧ کیلۆ دابەزیوە و دۆخی تەندروستیشی بە هۆی دابەزینی زەخت، میگرێن، ئازاری جومگەکان و کەمەرەوە چووەتە حاڵەتێکی ناجێگیر و مەترسیدارەوە.

دەوترێت فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی زیندانی ئێڤین کە بە شێوەی ڕۆژانە زەختی ئەم زیندانییە سیاسییە کۆنترۆڵ دەکەن، ڕایانگەیاندووە کە درێژەدان بە مانگرتنەکە مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەکات و داوایان لێ کردووە کۆتایی بەو مانگرتنە بهێنێت، بەڵام وریشە تا ئێستا ئامادە نەبووە کانولە (سیرۆم) وەربگرێت.

وریشە مورادی کە بە تۆمەتی «بەغی» لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندایە، لە ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣وە (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕوبوونەوەی سزای لەسێدارەداندا بە شێوەی بێسنوور مانی لە خواردن گرتووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کە گیرۆدەی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆری وەک ئێشی جومگەکان و پشت بووە و لە چەند مانگی ڕابردوودا دەستی بە فیزیۆتراپی کردبوو، لە سەرەتای دەسپێکردنی مانگرتنەکەوە ڕەوتی دەرمانکردنیشی ڕاگرتووە و ئامادە نەبووە درێژە بە پرۆسەی دەرمان بدات.

وریشە مورادی چەند ڕۆژێک دوای دەسپێکردنی مانگرتنەکەی و لە دووتوێی نامەیەکدا لە زیندانی ئێڤینەوە کە «ڕادیۆ زەمانە» بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی: «با نەهێڵین شەڕی هەرێمی و سەرووسنووری بێتە هۆی داپۆشینی سەرکوتکارییە ناوخۆییەکان. هەوڵی مانگرتنی من هەر لەم پێناوەدایە. بە هەر شێوەیەک بووە ناهێڵین دەنگی خەباتکارانی ناوخۆ کە بوێرانە ڕاوەستاون، لە ناو جەنجاڵی شەڕ و یارییە بێئەنجامەکاندا ون بێت».

ئەم ژنەچالاکە لە درێژەی نامەکەیدا نووسیویەتی: «لە پێناو گەیشتنەئەنجامی هەڵمەت و هەڵوێستە ڕوون و ئاشکراکانی کەمپەینەکانی نا بۆ سێدارە لە هەرهەموو جیهاندا کە لە لایەن گرووپ و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە و بە مەبەستی ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان کەوتوونەتە ڕێ، درێژە بە مانگرتنی بێسنووری خۆم دەدەم».

وریشە مورادی لە گەلاوێژی ١٤٠٢ـەوە (ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە دۆخێکی نادیار و هەڵپەسێردراودا و بە تۆمەتی «بەغی» لە حاڵەتی دەستبەسەربوونی کاتیدا ڕاگیراوە. تا ئێستا دوو دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بەڕێوە چووە.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) وا بڕیار بوو دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ژنەچالاکە بەڕێوە بچێت، بەڵام ئامادە نەبوو بەشداریی دادگاکە بکات و ڕایگەیاند کە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە مورادیدا لە کۆبوونەوەکەی دادگادا بەشداری ناکات. هەر بۆیە دانیشتینی دادگا دوا خرابوو بۆ کاتێکی تر.

ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ کاتی دیاریکراودا بۆ دادگاییکردنی، بەرگرینامەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە ڕووی لە ڕای گشتی بوو، لە ماڵپەڕی «بیدارزنی»دا بڵاو کرایەوە. وریشە مورادی لە نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە مورادیدا لە کۆبوونەوەکەی دادگادا بەشداری ناکات.

وریشە مورادی لە بەشێک لە نامەکەیدا کە لە لایەن ماڵپەڕی «بیدارزنی»یەوە بڵاو کرایەوە، وتوویەتی: «سزای نادادپەروەرانەی لەسێدارەدانی چالاکانی ژن (شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی) لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، دداننانی کۆماری ئیسلامییە بە ناکارامەبوون و دۆشداماوبوونی سیاسیی خۆیدا. بانگەشەی بەهێزبوونی دەوڵەتی نوێ، زاڵکردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن و پەرەدان بە سەرکوتکردنەکان لە سەروبەندی ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، تەنها خەیاڵێکی پووچەڵە و هیچی تر. هەر بەم مەبەستەیشە کە من بە تاوانی ژنبوون، کوردبوون و گەڕان بە دوای ژیانی ئازاددا تۆمەتی «بەغی»م ڕووبەڕوو کراوەتەوە. ئێستایش دوای تێپەڕینی ساڵێک لە دەستبەسەربوونی کاتی، لە نۆبەتی دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردندام لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی لە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژدا (٤ی ئاگۆست). گەرچی دەزانم ئامادەنەبوون لە دادگادا ڕەنگە وەک ئامادەنەبوون بۆ بەرگریکردن لە خۆم لێک بدرێتەوە، بەڵام وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر هەڤاڵانم پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدیدا، ناڕۆمە دادگا و ئامادە نیم ئاوا دادگایەک کە حوکمێکی دادپەروەرانەی تێدا دەر ناکرێت، بە فەرمی بناسم».

ئەم ژنەچالاکە لە درێژەی نامەکەیدا نووسیبوی: «لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢دا (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی سنە بۆ کامێراندا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کرام. دەسڕێژی گوللە، شکاندنی جامی ئۆتۆمبێلەکە، ئەشکەنجە و ئازاردانی فیزیکی لە ساتەوەختی دەستگیرکردندا، شەڕی دەروونی، لێپرسینەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا (ئەشکەنجەی سپی) دوور لە چاوی کامێراکان بۆ ئەوەی ئەو هەڵسوکەوت و کردارە نائەخلاقییانەیان تۆمار نەکرێت، لێپرسینەوە لە بەردەم کامێرادا بە مەبەستی داماڵینی ئیرادە و ئەو گوشارانەی لە ماوەی ١٣ ڕۆژ ڕاگیران لە ئیتلاعاتی سنەدا خرایە سەرم، تەنها بەشێکن لە کۆی ئەو گوشارانەی ڕوبەڕووم کراوەتەوە. ئەوان پێیان وتم تۆ وەحشیت، وتیان لە ژنبوون داماڵڕاویت! بۆچی ناگریت؟ دواهەم جارێک گریای کەی بوو؟ دواهەم جارێک بۆنت بە گوڵێکەوە کردووە کەی بوو؟ دوای ئەوە گواستمیانەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، لەوێیش لەژێر لێپرسینەوە و گوشاری فراواندا، لەوانە ئەشکەنجەی سپی، سیناریۆسازیی دژواز و فریودەرانە و هەڕەشەی تیرۆری کەسایەتی و وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و…، بۆ ماوەی چوار مانگ و نیو ڕایان گرتم. سەرئێشەی قورس و خوێنلێچوونی بەردەوام (خوێنبەربوونی لووتم)، تەشەنەسەندنی ئێشی مل و پشتم، دیارییەکانی ڕۆژانی ژیانم بوون لە ژووری تاکەکەسیدا».

لە کاتێکدا کە وا بڕیار بوو یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە سیاسییە ڕۆژی ٢٤ی گوڵان (١٣ی مەی) بەڕێوە بچێت، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار دوا خرا و ڕۆژی ٢٥ی گوڵان (١٤ی مەی) هەر بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی، بە مەبەستی لێپرسینەوەی دووبارە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی ئەو زیندانە. وریشە و پەخشان عەزیزی وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست ئەم گواستنەوەیەدا، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت.

وریشە مورادی، خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشان و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا.

ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا. وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٧ی گوڵانی ئەمساڵەوە (٦ی مەیی ٢٠٢٤) بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە و پارێزەرەکانیشی تەنها یەک جار دوای بەڕێوەچوونی دووهەم دانیشتنی دادگا توانیویانە لە زینداندا دیداری لەگەڵ بکەن.