پووریا جەواهێری، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران کە ڕۆژی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ (٢٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کرابوو، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بەردەوامیی دەستبەسەربوونی نایاسایی خۆیدا لە زیندانی ناوەندیی سنە مانی لە خواردن گرتووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە سیاسییە کە زیاتر لە ٢٥ مانگە لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودایە، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٣وە (١ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە بەرانبەر ئەم دۆخەدا مانی لە خواردن گرتووە.
پووریا جەواهێری ڕۆژی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ (٢٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کامێران دەستبەسەر کرا و لە کۆتایی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (فێبرییەی ٢٠٢٣) دوای نزیکەی ٢ مانگ و نیو لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەڕی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی کامێران. لە کۆتایی خەرمانانی ١٤٠٢یشدا (سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە زیندانی کامێرانەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.
لە گەلاوێژی ١٤٠٢دا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) موستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری ئەم هاووڵاتییە، ڕایگەیاند کە دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێران سزانامەی بۆ دەر کردووە و دۆسیەکەی ناردووەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە. لە سزانامەکەدا تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای کوشتنی بەئەنقەستی ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانەوە، «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «لێدان و بریندارکردنی بەئەنقەستی چەند ئەندامێکی هێزە چەکدارەکان»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.
دانیشتنی دادگاییکردنی پووریا جەواهێریان ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بەڕێوە چوو و لە ٢٧ ڕەشەمەی هەمان ساڵدا (١٧ی مارسی ٢٠٢٤) پارێزەرەکەی ڕایگەیاند کە دادگا تۆمەتی «موحارەبە»، «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی لەسەر لابردووە، بەڵام دۆسیەکەی بە تۆمەتی «کوشتن»ی ئەندامێکی سوپای پاسداران و بریندارکردنی چەند کەسێکی دیکە لە لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای کوردستاندا هێشتا هەر کراوەیە و لە بەردەم لێکۆڵینەوەدایە.
پووریا جەواهێری لە دانیشتنەکانی دادگادا ڕایگەیاندووە کە لە کاتی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی «شەهرامفەر»ی سوپای پاسداراندا، لەژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحیدا ناچار کراوە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت. بەڵام دادوەری دادگاکە تا ئێستا ئامادە نەبووە لێکۆڵینەوە بۆ بابەتی ئەشکەنجەکان بکات.
سەید حسەین حسەینی، سەرۆکی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی پارێزگای کوردستان، ڕۆژی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠١ (١١ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) ڕایگەیاند کە پووریا جەواهێری بە تۆمەتی «موحارەبە» بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەر کراوە و زیادی کرد: «بۆ ئەم کەسە لە لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای کامێراندا دۆسیەیەک کراوەتەوە و لە بەردەم ئەو لقەی لێپرسینەوەدا ئامادە بووە و ددانی بەوەدا ناوە کە تەقەی لە هێزە چەکدارەکان کردووە و ڕایگەیاندووە کە چەکەکەی لە کەسێکی تر وەرگرتووە و ئەو کەسەیش بە فەرمانی یاسایی دەستبەسەر کراوە». ئەمە لە کاتێکدا کە بە دەیان هاووڵاتیی خەڵکی کامێران بە واژۆکردنی تۆمارێک و هەناردنی بۆ دادگای ئەم شارە شایەتییان داوە کە لە کاتی کوژرانی ئەندامەکەی سوپادا پووریا جەواهێری لە کۆمپانیایەکی قیر لە گوندی «تیلەکۆ»دا خەریکی کار بووە.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (١٣ی مارسی ٢٠٢٣) لەژێر چاودێری و ڕێوشوێنی ئەمنیی تونددا برایە شەقامی ١٢ مەتریی کامێران و لێپرسەوە ئەمنییەکان ناچاریان کرد لە سیناریۆی نواندنەوەی «بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و تەقەکردن لە هێزە سەربازی-ئەمنییەکان»دا بەشداری بکات. شایەتحاڵە مەیدانییەکان دەڵێن پووریا کە بە پێبەند و کەلەبچەوە برابووە ئەو شوێنە، سەرەتا ئامادە نەبووە بەشداری لە سیناریۆ ئەمنییەکەدا بکات، بەڵام دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بە چەک هەڕەشەیان لێ کردووە، بە ناچار هاوکاریی کردوون و بەشداریی لە سیناریۆکەدا کردووە.
باوک و دایکی ئەم هاووڵاتییە لە سەرماوەزی ١٤٠١دا (دیسامبەری ٢٠٢٢) بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک بۆ ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ، ڕایانگەیاند کە کوڕەکەیان «بێتاوان»ـە. لە ڕێبەندانی ١٤٠١دا (فێبرییەی ٢٠٢٣) ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەییش لە بانگەوازێکی بەپەلەدا هۆشداریی دا لە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای قورس بۆ دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و بەتایبەتی ئاماژەی بۆ پووریا جەواهێری کرد وەکوو یەک لەو خۆپیشاندەرانەی کە تۆمەتی قورسی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.