کیانووش چراغی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی دێلوڕانی ئیلام، لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئازادبوون بە پێبەندی ئەلێکترۆنییەوە و لێدان و ئەشکەنجەکردن لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام، دەستی داوەتە مانگرتنی وشک لە خواردن و ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٢٠ی فێبرییەی ٢٠٢٥) لە پێنجەم ڕۆژی مانگرتنەکەیدا لێوەکانیشی دووریوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، کیانووش چراغی ماوەیەک لەمەوپێش و لە کاتێکدا کە سزای ٢ ساڵ بەندکرانی لە زیندانی ئیلامدا تێ دەپەڕاند، بە پێبەندی ئەلێکترۆنییەوە لە زیندان ئازاد کرا. ڕۆژی ٦ی ڕێبەندانی ئەمساڵ (٢٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) لقی ٦ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئیلام بڕیاری ئازادبوون بە پێبەندی ئەلێکترۆنیی هەڵوەشاندەوە و ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندان (١٢ی فێبرییە) بۆ جێبەجێکردنی پاشماوەی سزاکەی بانگهێشتی زیندان کرا.

ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (١٦ی فێبرییەی ٢٠٢٥) هێزە ئەمنی و ئینتیزامییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەم زیندانییە سیاسییە لە شاری دێلوڕان و لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ زیندان بە توندی ئەشکەنجەیان دا.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوای گوازرانەوە بۆ زیندانی ئیلام و لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئازادبوون بە پێبەندی ئەلێکترۆنییەوە و لێدان و ئەشکەنجەکران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بە شێوەی وشک مانی لە خواردن گرت. کیانووش چراغی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٢٠ی فێبرییەی ٢٠٢٥) لە پێنجەم ڕۆژی مانگرتنەکەیدا لە قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ئیلام لێوەکانیشی دووریوەتەوە.

دەوترێت دۆخی تەندروستیی ئەم زیندانییە سیاسییە بە هۆی بەردەوامیی مانگرتنی وشکەوە خراپ و ناجێگیرە.

کیانووش چراغی، فەرمانبەری پێشووی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی دێلوڕان، لە مەودای نێوان ٥ و ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا () دوو جار بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی سیاسییەوە لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرام لە ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەر (٧ی ئۆکتۆبەر) بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕەزبەری ١٤٠٢دا (٢٧ی سێپتامبەر تا ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە لە دێلوڕان بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا سەلاحەدینی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپا. هەروەها ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ لە ڕێگای سیستەمە کۆمپیتەرییەکانەوە» لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی دێلوڕانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر حسەینپەناهی سزای ٢ ساڵ بەندکران و سزای تەواوکەری بەسەردا سەپا.

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ (٢٤ی مارسی ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکران بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی دێلوڕان دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کرا.