ئیرەج سۆفی‌محەممەد، زیندانیی مەزهەبیی کوردی خەڵکی مەهاباد، لە ڕۆژی ١ی جۆزەردانی ١٤٠٤وە (٢٢ی مەیی ٢٠٢٥) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری مانەوەی لە زیندانی کراوەدا مانی لە خواردن گرتووە و بەپێی ڕاپۆرتەکان، دۆخی تەندروستیی ناجێگیر و خراپە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم بەندکراوە کە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی لە بەشی کراوەی زیندانی مەهاباددا تێ دەپەڕاند، ڕۆژی ٢٥ی گوڵانی ١٤٠٤ (١٥ی مەیی ٢٠٢٥) بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی کاربەدەستانی پێوەندیدار گوازراوەتەوە بۆ بەندی گشتیی بەشی داخراوی زیندانەکە. هەر بۆیە لە سەرەتای جۆزەردانەوە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی پێشوو و گەڕاندنەوەی بۆ ناو زیندانی داخراو مانی لە خواردن گرتووە.

ئیرەج سۆفی‌محەممەد ڕۆژی ٦ی جۆزەردان (٢٧ی مەیی ٢٠٢٥) بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان دوور خرایەوە بۆ زیندانی میاندواو و لەگەڵ ئەوەیشدا تا ئێستا درێژەی بە مانگرتنەکەی داوە. ئەگەرچی بە گوێرەی زانیارییەکان لە نۆزدەهەم ڕۆژی مانگرتن لە دۆخێکی تەندروستیی خراپدایە، بەڵام بەرپرسانی هەردوو زیندانی مەهاباد و میاندواو هیچ ئاوڕێکیان لە داواکارییەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو و زیندانی کراوە، نەداوەتەوە.

ئەم بەندکراوە پێشتر و لە مانگی گوڵانیشدا دوای گوازرانەوە بۆ زیندانی مەهاباد مانی لە خواردن گرتبوو.

ئیرەج سۆفی‌محەممەد لە سەرەتای پاییزی ١٣٩٨دا (٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. لە گوڵانی ١٣٩٩دا (مەیی ٢٠٢٠) لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو، بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکاندا، سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بۆ بڕییەوە. ئەم بڕیارە دواتر لە دیوانی باڵای ئێراندا هەڵوەشایەوە و دواجار گۆڕدرا بۆ ١٠ ساڵ بەندکران.

ئەم بەندکراوە مەزهەبییە لە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٠یشدا (٣١ی جولایی ٢٠٢١) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ڕەتکردنەوەی داوای گواستنەوەیدا بۆ زیندانی مەهاباد، بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو. دواجار و پاش چەند حەفتەیەک گوازرایەوە بۆ زیندانی مەهاباد و لە بەشی کراوەی زیندانەکەدا ڕاگیرا.

ئیرەج سۆفی‌محەممەد هەروەها جارێکی تریش لە ساڵی ١٣٩٦دا (٢٠١٧) بە تۆمەتێکی هاوشێوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. دواجار لە ساڵی ١٣٩٧دا (٢٠١٨) پاش کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.