نایب عەسکەری، زیندانیی سیاسیی کورد کە پێنجەم ساڵی سزا ١٥ ساڵییەکەی لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا تێ دەپەڕێنێت، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بێبەشکردنی لە دیداری بنەماڵە و مۆڵەتی پشووی کاتی، لێوەکانی دوورییەوە و مانی لە خواردن گرت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ەوە (١٣ی دیسامبەری ٢٠٢٥) لێوەکانی دووریوەتەوە و نامەی مانگرتنەکەی ڕادەستی بەرپرسانی زیندان کردووە. نایب عەسکەری لە نامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا بە هۆکاری نادیار لە مافی دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە و داواکارییەکانیشی بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی بێوەڵام ماونەتەوە. هەر بۆیە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ئاوڕنەدانەوەی بەرپرسانی زیندان لە بەدواداچوون و داواکارییەکانی، مانی لە خواردن گرتووە.

نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و دوای ٣ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەلمەهدیی ئەم دامەزراوە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. ئەم هاووڵاتییە کوردە بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو.

نایب عەسکەری لە کاتێکدا دەستبەسەر کرا کە لە چەند ساڵ پێش دەستبەسەرکردنەوە نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو و دوای هەماهەنگیکردنی ئەندامێکی سوپای پاسداران بە ناوی حسەین خۆشمەرام لەگەڵ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا، بە وەرگرتنی «ئەماننامە» گەڕابوویەوە بۆ ئێران.

دوای ئەوەی کە دەستبەسەر کرا، دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران پێی ڕاگەیاند کە ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە شێوەی غیابی و بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووە. دوای تانەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە حوکمی لەسێدارەدانی غیابی، حوکمەکە هەڵوەشایەوە و تۆمەتەکە لە «موحارەبە»وە گۆڕدرا بۆ «بەغی» و دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ساڵی ١٤٠٢دا (٢٠٢٣-٢٠٢٤) سەرەڕای ئەوەی مافی وەرگرتنی پارێزەری لێ زەوت کرابوو، ٦ جار برایە بەردەم لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، بەڵام لەبەر ئامادەنەبوونی دادوەر تەنها ٤ جار کۆبوونەوەی دادگا بەڕێوە چوو.

دوایین کۆبوونەوەی دادگا لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا (٢٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) بەڕێوە چوو و ڕۆژی ٢٤ی ڕەزبەر (١٦ی ئۆکتۆبەر) بە شێوەی نووسراو لە زینداندا پێی ڕاگەیەنرا کە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوەتەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە هەمان مانگدا و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست سەپاندنی ئەم سزایەدا، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مانی لە خواردن گرت.

دوای تانەدان لەو بڕیارە، دۆسیەکە نێردرایە دیوانی باڵای ئێران و دیسان سزاکە هەڵوەشایەوە و نێردرایە بەردەم لقێکی هاوتەریبی دادگای یەکەم. دواجار لە کۆتایی ڕەزبەری ١٤٠٣دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) هەر بەو تۆمەتە سزای ١٥ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی ٩٠ میلیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپا.

نایب عەسکەری لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) دوابەدوای تێکهەڵچوونێک لە نێوان چەند زیندانییەکی سیاسی و بەندکراوانی تاوانە ئاساییەکاندا، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ و لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب حاجیزادە، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامە حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن بەندکراوانی تاوانە ئاساییەکانەوە ڕووی دابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٢٦ی جولایی ٢٠٢١) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەرنەکردنی مۆڵەتی یاساییدا بە مەبەستی هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و ئەنجامدانی تاقیکاریی پێویست، بۆ ماوەی ٣٢ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.