فواد فەتحی، چالاکوانی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی سنە کە سزای ٤ ساڵ بەندکران لە زیندانی ئێڤینی تاراندا تێ دەپەڕێنێت، وەکوو ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ئەزیەتدان و هەراسانکردنی مەبەستداری زیندانیانی سیاسیدا مانی لە خواردن گرتووە و ئێستە لە نۆیەم ڕۆژی مانگرتنەکەیدایە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە لە بەندی ٧ی هۆڵی ٤ی زیندانی ئێڤینی تاراندایە، لە ڕۆژی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ەوە (١٤ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) وەکوو ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ئەزیەتدانی مەبەستدار و بەردەوامی زیندانیانی سیاسیدا مانی لە خواردن گرتووە. فواد فەتحی هاوکات بڕیاری داوە دەواودەرمانی نەخۆشیی سییەکانیشی بە کار ناهێنێت و دەوترێت لە ئێستەدا دۆخی تەندروستیی خراپ و مایەی نیگەرانییە.

ڕۆژی ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (١٠ی فێڤرییەی ٢٠٢٦) لە بەندی ٧ی هۆڵی ٤ی زیندانی ئێڤین دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی زیندانیانی سیاسی لە ئاست ڕێسایەکی نوێی سنووردارکردنەوەی مافەکان و نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکیدا، ژمارەیەک لە بەندکراوانی تاوانە داراییەکان پەلاماری زیندانیانی سیاسیی ناڕازی و لەوانە فواد فەتحییان دا و ئەم چالاکوانە کوردەیان بە شیشێکی ئاسنی برینداریان کرد. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، پەلاماردانەکە بە ئاگاداری و پاڵپێوەنانی بەرپرسانی بەندەکە جێبەجێ کراوە. فواد فەتحییش وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە بەرانبەر ئەو هەڵسوکەوتانەدا کە بە ئەزیەتدان و هەراسانکردنی مەبەستداری زیندانیانی سیاسی ناوزەدی کردووە، مانی لە خواردن گرتووە.

فواد فەتحی ڕۆژی ١٣ی گەڵارێزانی ١٤٠٢ (٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین. دواتر لە سەرماوەزی ١٤٠٣دا (دیسامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەفشار بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵە، ڕێکخراوەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە گشتی سزای ٤ ساڵ بەندکران و سزای تەواوکەری قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، قەدەغەبوونی ئەندامێتی لە گرووپ و ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و قەدەغەی نیشتەجێبوون لە تاران و دەوروبەریدا بۆ ماوەی ٢ ساڵی بەسەردا سەپا.