مەهدی باقری و کەیۆمەرس واعیزی، مامۆستای خانەنشین و چالاکوانی پیشەیی، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعات لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەی دۆسیەکانیاندا، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) مانیان لە خواردن گرتووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (٨ی مارسی ٢٠٢٦) ئەم دوو زیندانییە سیاسییە کە لە زیندانی ناوەندیی کرماشان ڕاگیراون، ڕایاگەیاندووە کە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعات لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەی دۆسیەکانیاندا مان لە خواردن دەگرن.

چەند حەفتەیەک پێشتر کەیۆمەرس واعیزی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سونقوڕەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سادق تاریوەردی بە تۆمەتەکانی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە ڕیز سزای ٤ ساڵ و یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

مەهدی باقری و کەیۆمەرس واعیزی ڕۆژی ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥ی ژانڤییەی ٢٠٢٦) لە کاتی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی بەرفرانباردا دەستبەسەر کران. ئەم دوو هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) کران.

کەیۆمەرس واعیزی پێشتریش لە کاتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە ساڵی ١٤٠١دا (٢٠٢٢) دەستبەسەر کرابوو. ئەم مامۆستا کوردە دوای ٢٧ ساڵ مامۆستایەتی و وانەوتنەوە بە بڕیاری خانەنشینکردنی زۆرەملێ لە کار دەر کرا و لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سونقوڕەوە بە تۆمەتەکانی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «هاندانی خەڵک» سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.