جەمشید ئیسماعیلی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی ورمێ کە نزیکەی ٨ مانگ لەمەوپێش بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو، لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە ڕێگریکردنی دادوەری چاودێری زیندان لە پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی، مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم زیندانییە سیاسییە ساڵی ١٤٠٣ (٢٠٢٤) دەستبەسەر کرا و دوای چەند مانگێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. سەرەتای ئەمساڵ لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن» بۆ حیزبێکی کوردستان سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، جەمشید ئیسماعیلی نزیکەی ٨ مانگ لەمەوپێش بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و سەرباری ئەوەی یەک لەسەر سێی ماوەی سزا ٣ ساڵییەکەی تێ پەڕاندووە و بە پێچەوانەی یاسا پێوەندیدارەکان، لە مافی پشووی کاتی و ئازادکردنی مەرجدار بێبەش کراوە. بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە دەسپێکی شەڕەوە چەندین جار سەردانی دامودەزگا ئەمنییەکان و فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی ئەم شارەیان کردووە و داوایان لێ کردوون یان ئازادی بکەن یاخود مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ بدەن. ئەگەرچی وەزارەتی ئیتلاعاتیش داواکاریی بنەماڵەکەی قبووڵ کردووە بەڵام دادوەری چاودێری زیندان تا ئێستە ئامادە نەبووە ئەو داواکارییە قبووڵ بکات. هەر بۆیە ئەویش لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕەشەمەوە (١٢ی مارس) لە بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ناوەندیی ورمێدا مانی لە خواردن گرتووە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەدوای دەسپێکردنی شەڕی نێوان ئیسراییل-ئامریکاوە لەگەڵ ئێران، سەدان بەندکراوی تاوانە ئاسایی و ناسیاسییەکان لە زیندانە جیاوازەکانی شارەکانی کوردستانەوە بە بارمتە و کەفالەت مۆڵەتی پشووی کاتییان وەرگرتووە یاخود بە شێوەی مەرجدار ئازاد کراون، بەڵام دادگاکان و دامودەزگا ئەمنییەکان تا ئێستە داواکاریی هاوشێوەی زیندانیانی سیاسییان قبووڵ نەکردووە.