کەژاڵ ڕەحمانی، ئەندامی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان کە لە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ـەوە (٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) لەگەڵ هاوسەر و براکەیدا، عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و دە ڕۆژە لە زیندانی ژنانی سنە (کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت – چاکسازیی ژنان) مانی لە خواردن گرتووە، تا ئێستایش درێژەی بە مانگرتنەکەی داوە. بنەماڵەکەی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٦) توانیویانە دیداری لەگەڵ بکەن و وتوویانە دۆخی تەندروستیی کەژاڵ ناجێگیر و مایەی نیگەرانییە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٦) دوای ڕەزامەندیی داواکاری گشتیی کامێران، بنەماڵەی کەژاڵ ڕەحمانی توانیویانە چاویان بە کچەکەیان بکەوێت. ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی خۆی و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیدا مانی لە خواردن گرتووە.

کەژاڵ ڕەحمانی لە ئەنجامی مانگرتنەکەدا تووشی دابەزینی کێش، سەرگێژە و دابەزینی زەختی خوێن بووە و سەرباری داواکاریی بەرپرسانی نەخۆشخانەی زیندانی ژنان بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە، داواکارییەکەی ڕەت کردووەتەوە و بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە تا کاتی ئازادکردنی خۆی و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی درێژە بە مانگرتن لە خواردن دەدات.

دەوترێت بەرپرسێک بە ناوی نەسیری کە جێگری سەرۆکی زیندانەکەیە، لە کاتی دیداری کەژاڵ و بنەماڵەکەیدا و هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوویشدا، بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێوە بێڕێزی و سووکایەتیی بە کەژاڵ کردووە و هەڕەشەی تۆمارکردنی دۆسیەی یاسایی لێ کردووە.

کەژاڵ ڕەحمانی لە دیدارەکەدا ئەوەیشی بە بنەماڵەکەی وتووە کە لە ماوەی دەستبەسەربووندا تەنها یەک جار بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» لێپرسینەوەی لێ کراوە و هەر لە سەرەتاوە تا ئێستە لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو و لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە.

لە درێژەی گوشارەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا بۆ سەر ئەم بنەماڵە دادخوازە، ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٣ی ژوەنی ٢٠٢٦) چوونەتە سەر ماڵەکانی چوار کوڕەمامی ئەو بنەماڵەیە و دەستیان بەسەر مۆبایلەکانی ئەندامانی بنەماڵەکانیاندا گرتووە. هێزە ئەمنییەکان هەروەها داوایان لەم چوار هاووڵاتییە کردبوو سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران بکەن. ئەوانیش سەردانی ناوەندەکەیان کردووە و لە کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە تا ٥ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ دەستبەسەر بوون و دوای لێپرسینەوە لەسەر چالاکییەکانی کەژاڵ ڕەحمانی، دانیال ڕەحمانی و عیسا فەیزی، ئازادیان کردبوون.

هەروەها لە کاتی دەستبەسەرکرانی عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانییەوە تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە. ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش بوون.

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ماڵەکانی کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانییان لە شاری کامێران دا و دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکانیان، بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ ئەم خوشک و برایەیان دەستبەسەر کرد. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە ئەمنییەکان سەرەتا بە هەڵە چووبوونە ناو ماڵێکی دیکەوە، لەو کاتەدا هاووڵاتییەکی ناو ماڵەکە لە خەودا بووە و بە بینینی هێزە چەکدار و دەمامکدارەکان شۆک دەبێت و لەسەر خۆ دەچێت.

هەروەها عیسا فەیزی لە کاتی دەستبەسەرکردنی هاوژینەکەیدا لە ماڵەوە بووە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلەکەی ئەویشدا گرتبوو. عیسا فەیزی کاتژمێرێک دواتر بە مەبەستی وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی هاوسەر و برای هاوسەرەکەی سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران دەکات، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی ئەوەی چەند پرسیارێکی لێ دەکەن دەیبەنە ناو بیناکەی ئیدارەی ئیتلاعات و ئەویش بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر دەکەن.

عیسا فەیزی، چالاکوانی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو، پێشتر لە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٧دا (٥ی ژانڤییەی ٢٠١٩) لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکوانانی مەدەنیی کامێراندا دەستبەسەر کرابوو و دوای زیاتر لە پێنج مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای شەش ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.

کەژاڵ و دانیال ڕەحمانییش لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستانن. براکەیان جەمال ڕەحمانی کە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بوو، ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کوژرا. بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بنەماڵەکەیان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان یان ئاگاداربوونەوە لە شوێنی ئەسپەردەکردنی، چەندەها جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانیان لە شارەکانی کامێران و سنە کردووە، بەڵام تا ئێستە هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە. هەروەها برایەکی دیکەیشیان، ڕێبین ڕەحمانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانە.