دۆخی تەندروستیی کەژاڵ ڕەحمانی، ئەندامی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان کە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٦ی ژوەنی ٢٠٢٦) لەگەڵ هاوسەر و براکەیدا، عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و چواردە ڕۆژە لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ژنانی سنە (کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت – چاکسازیی ژنان) مانی لە خواردن گرتووە، ناجێگیر و مایەی نیگەرانییە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی خۆی و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیدا و گوشاری لێپرسەوەکان بۆ دۆسیەسازیی ناڕەوا، مانی لە خواردن گرتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە بنەماڵەی کەژاڵ ڕەحمانی ڕۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٢٠ی ژوەنی ٢٠٢٦) چوونەتە بەردەم دادوەری لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێران و داوای دیاریکردنی چارەنووس و دیداری کچەکەیان کردووە، بەڵام ئەو بەرپرسە پێی ڕاگەیاندوون کە مانگرتنەکە هیچ کاریگەرییەک لەسەر پرۆسەی لێپرسینەوە لە لایەن لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دانانێت و تەنانەت ئەگەر لە ئەنجامی مانگرتنەکەدا گیانیشی لە دەست بدات، تەنها فەوتنامەیەکی بۆ دەر دەکەن.

ئەم کاربەدەستەی دەزگای دادوەری بە هەڕەشەوە بە بنەماڵەی ڕەحمانیی ڕاگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان لە ماڵی کچەکەیاندا دەستیان بەسەر چەند کتێبێکی سیاسیدا گرتووە و کەژاڵ لە زیندانیشدا بە پێشێلکردنی ڕێساکان یاسای حیجاب جێبەجێ ناکات، هەر بۆیە تا کاتێکی نادیار مۆڵەتی دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەی پێ نادرێت.

دەوترێت کەژاڵ ڕەحمانی لە ماوەی مانگرتنەکە و لە ئەنجامی دابەزینی زەختی خوێندا جارێک لەسەر خۆ چووە، بەڵام سەرباری داواکاریی بەرپرسانی نەخۆشخانەی زیندانی ژنان بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە یاخود وەرگرتنی کانولە (سیرۆم)، ڕایگەیاندووە کە درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٦) دوای ڕەزامەندیی داواکاری گشتیی کامێران، ئەم بنەماڵە دادخوازە توانیویانە لە زیندانی ژنانی سنە چاویان بە کچەکەیان بکەوێت. لە کاتی دیدارەکەدا، نەسیری کە جێگری سەرۆکی زیندانەکەیە، بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێوە بێڕێزی و سووکایەتیی بە کەژاڵ کردووە و هەڕەشەی تۆمارکردنی دۆسیەی یاسایی لێ کردووە.

هەروەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی هاوژین و برا دەستبەسەرکراوەکەی، عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی، بەردەست نەکەوتووە. ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش بوون.

بە وتەی بەرپرسانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێران، تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی دەرەوەی ئێراندا» ڕووبەڕووی ئەم سێ هاووڵاتییە کراوەتەوە و بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ٢٠ ڕۆژەیان بۆ دەر کراوە.