سزای خانەنشینکردنی زۆرەملێ، دەرکردن، دابڕاندنی هەمیشەیی و دوورخستنەوەی ١٣ مامۆستای کورد کە پێشتر بەسەریاندا سەپابوو، لە لایەن لیژنەی پیاچوونەوەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکاریی ئێرانەوە یان وەک خۆیان پەسەند کران یاخود توندتر کرانەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان (سنە)، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئاسایی ئەو ئەنجومەنە لە گوڵانی ١٤٠٣دا (ئاپریلی ٢٠٢٤) گوشارەکان بۆ سەر بەڕێوەبەرانی هەڵبژاردنەکە دەستی پێ کرد و دۆسیەی یاسایی بۆ سەرجەم ئەندامانی هەڵبژێردراوی دەستەی بەڕێوەبەر لە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییەکانی ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریدا کرایەوە.

لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە: «سەرەڕای ڕوونکردنەوە و بەرگریکردنی بەڵگەمەندی ئەنجومەن و دانوستانی نێوان کۆمەڵگەی مامۆستایان و بەرپرسانی پارێزگای کوردستان، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییەکانی ئیدارەی پەروەردە و فێرکاری سزای بەسەر هەرهەموویاندا سەپاند. دوای تانەدان لە بڕیاری لیژنە سەرەتاییەکە، دۆسیەکە ڕادەستی «لیژنەی پیاچوونەوەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکان»ی وەزارەتی پەروەردە و فێرکاریی ئێران کرا، بەڵام بە داخەوە ئەو لیژنەیەیش لەباتیی پشتگیریکردن لە هەوڵە یاساییەکان و داخوازییە ڕەواکانی مامۆستایان، لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانە و ناسەربەخۆدا بڕیارەکانی پێشووی وەک خۆی پەسەند کرد و لە هەندێ حاڵەتدا تەنانەت توندتریشی کردەوە».

بەپێی ڕاگەیاندنەکە، بە گشتی بڕیاری خانەنشینکردنی زۆرەملێ، دوورخستنەوە، دەرکردن و دابڕاندنی هەمیشەیی ١٣ مامۆستای کورد لە لایەن لیژنەی پیاچوونەوەی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکاریی ئێرانەوە پەسەند کراوە یاخود توندتر کراوەتەوە.

لە ڕاگەیاندننامەکەی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان (سنە)دا ناونیشان و وردەکاریی سزادانی ژمارەیەک لەم مامۆستایانە بەم شێوەیە دەستنیشان کراوە:

 نەسرین کەریمی، ٢٦ ساڵ پێشینەی خزمەتکردن: خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە دابەزاندنی دوو پلەی پیشەیی

لەیلا زارعی، ٣٠ ساڵ پێشینەی خزمەتکردن: دەرکردن لە پۆستی بریکاریی قوتابخانە و خانەنشینکردنی زۆرەملێ بە دابەزاندنی یەک پلەی پیشەیی

سەلاح حاجی‌میرزایی، ٢٦ ساڵ پێشینەی خزمەتکردن: سالێک دابڕاندن لە کار

فەیسەڵ نووری، ١٩ ساڵ پێشینەی خزمەتکردن: دوورخستنەوە بۆ پارێزگای کرماشان بۆ ماوەی پێنج ساڵ

مەحیەدین ڕەیحانی، ٢٦ ساڵ پێشینەی خزمەتکردن: بێبەشکردن لە کارکردن لە پۆستە هەستیارە دەوڵەتییەکاندا بۆ ماوەی پێنج ساڵ

مەجید کەریمی، ٢١ ساڵ پێشینەی خزمەتکردن: دەرکردن و دابڕاندنی هەمیشەیی لە خزمەتی دەوڵەتی

غەیاس نیعمەتی، ١٧ ساڵ پێشینەی خزمەتکردن: دەرکردنی هەمیشەیی لە وەزارەتی پەروەردە و فێرکاری

ناونیشان و سزای مامۆستاکانی تر تا ساتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە ئاشکرا نەکراوە.