لە درێژەی هێرشە درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ سەر بارەگای حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان و کەمپەکانی بنەماڵەی ئەندامانی ئەو حیزبانە، سوپای پاسداران هێرشی درۆنیی کردە سەر بارەگایەکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و لە ئەنجامی هێرشەکەدا ٩ ئەندامی حیزبەکە بریندار بوون. پارتی ئازادی لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم هێرشەدا چەکوچۆڵێکی بەکار هێناوە کە «فوسفوڕی سپی»ی تێدا بووە.

هاوکات چەندین سەرچاوە لە ناوچە سنوورییەکانی هەورامانەوە لە شارەکانی پاوە، مەریوان و سەوڵاوا لە هەردوو پارێزگای کرماشان و کوردستان، باس لە جێگیرکردنی بەربڵاوی هێزەکانی سوپای پاسداران و دانانی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ هەندێ ناوچەی سنووری دەکەن.

بەرپرسێکی پارتی ئازادیی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٩ی جولایی ٢٠٢٥) هێرشێکی درۆنی کراوەتە سەر بارەگایەکی ئەم حیزبە لە ناوچەی «دارەشەکران»ی پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان و ٩ پێشمەرگەیان بریندار بووە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەپێی جۆری تەقینەوەکە و ئاسەوارەکەی لەسەر جەستەی برینداران و کەوتنەوەی ئاگرێکی بەربڵاو لە شوێنی ڕووداوەکەدا، ئەگەری ئەوە هاتووەتە ئاراوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەکوچۆڵێکی بەکار هێنابێت کە «فوسفوڕی سپی»ی تێدا بووبێت. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانن و وا بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکەی ڕابگەیەنرێت.

هەروەها چەندین سەرچاوە لە شارەکانی پاوە و سەوڵاوا و مەریوان ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ناوچەی هەورامان جێگیر کراون. هێزە سنوورپارێزەکانیش بۆ ماوەیەکی نادیار هەرجۆرە هاتوچۆیەکیان بۆ ناوچە سنووەییەکانی «دزڵی» و «دەرەکێ» قەدەغە کردووە.

دانانی قەدەغەی هاتوچۆ لەسەر ناوچە سنوورییەکانی «دزڵی» و «دەرەکێ» لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا منداڵێکی ١١ ساڵان بە ناوی سام حەسەنی بە هۆی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانەوە بۆ سەر ئۆتۆمبێلی بنەماڵەکەی لە گوندی «دەرەکێ» کوژرا و باوکیشی بریندار بوو. هەمان ئەو هێزانە لە بەرزاییەکانی ئەو گوندە دەسڕێژیان لە کۆڵبەرێکی ٢٣ ساڵان بە ناوی زانیار ئێراننژاد کرد و کوشتیان، ئەم کۆڵبەرە خەڵکی سەردەشت بوو.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، لە ساڵی ١٣٩٦ـەوە (٢٠١٧) تا ئێستا بە لایەنی کەمەوە ٥٣ ئەندامی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان و پەنابەری سیاسی لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیدا بۆ سەر بنکە و بارەگای ئەو حیزبانە لە هەرێمی کوردستان گیانیان بەخت کرددوە و دەیان کەسی دیکەیش بریندار بوون.