فاتێح مەجیدی، چالاکی مەدەنی و کرێکاریی کوردی خەڵکی بانە کە لە ڕێکەوتی ٦ی گوڵانەوە (٢٦ی ئاوریل) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، پێی نایە نێو چوارەم حەفتەی مانگرتن لە خواردنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت کە فاتێح مەجیدی لە ڕێکەوتی ١٩ی گوڵانەوە (٩ی مەی) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردن و دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی مانی لە خواردن گرتووە. ناوبراو لە ساتەوەختی دەستبەسەرکرانەوە تەنها پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا کردووە و مۆڵەتی دیداری بنەماڵە و دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم چالاکە کرێکارییە نەخۆشییەکی سەختی دڵ و ناتەواوبوونی گورچیلەی لەگەڵە. ناوبراو لەم ماوەیەدا جارێک بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی شاری بانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی ئەم شارە کراوە و بەبێ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییە پێویستەکان سەرلەنوێ گەڕێنراوەتەوە بۆ هەمان دەستبەسەرگە. ئەم چالاکە کرێکارییە ئامێری پزیشکیی «دروستکەری دەستکردی لێدانی دڵ» بەکار دێنێت و ژیانی گرێدراوی ئەو ئامێرەیە.

فاتێح مەجیدی سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٦ی گوڵان (٢٦ی ئاوریل) لەگەڵ ٦ چالاکی کرێکاری و مەدەنیی تردا بە ناوەکانی نیشتمان ڕەحمەتی، پەروین عەبدوڵڵاپوور، حەسەن عیزەتی، سەعید محەممەدی، عومەر سلێمانی و ئەفشین ڕەحیمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بانە دەستبەسەر کرا.

فاتێح مەجیدی، مامۆستای دەرکراو و چالاکی مەدەنی و سیاسی کە ٦٤ ساڵی تەمەنە، پێشینەی دەستبەسەرکران، بەندکران و بانگهێشتکرانی بەردەوامی لە ڕابردوویشدا هەبووە. ناوبراو دوای شۆڕشی ئێران و لە ساڵی ١٣٥٨ـەوە بۆ ماوەی ٨ ساڵ بە تۆمەتی لایەنگریکردن لە کۆمەڵە لە زینداندا بوو.