ئێقباڵ شەعبانی، چالاکی کرێکاری، بە بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/rights-ku/labor-rights-ku/2023/05/31/p23512
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی جۆزەردان (٣١ی مەی) ئێقباڵ شەعبانی، چالاکی کرێکاریی کورد، دوای ١٢ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم جالاکە کرێکارییە ڕۆژی ڕابردوو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرابوو و ئەمڕۆ چوارشەممە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
ڕۆژی ٢٩ی گوڵان (١٩ی مەی) لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاریدا، ئێقباڵ شەعبانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامێکی سنە دەستبەسەر کرا.
ئێوارەی چوارشەممە ٢٧ی گوڵان (١٧ی مەی) ٨ چالاکی کرێکاریی دیکە بە ناوەکانی هاجەر سەعیدی، حەیبەڵلا کەریمی، شادمان عەبدی، کەمال کەریمی، عەبدوڵڵا خێرئابادی، ئێقباڵ پێشکاری، خەبات مەحموودی و سیروان مەحموودی کە بە مەبەستی دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سنە، سەردانی بنەماڵەی عەبدوڵڵاهییان کردبوو، بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی گوڵان (١٨ی مەی) بورهان سەعیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کرا.
لە نێو ئەم کەسانەدا، خەبات مەحموودی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بارمتە ئازاد کراوە و کەمال کەریمییش ڕۆژی ڕابردوو ٩ی جۆزەردان (٣٠ی مەی) لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراوە. ٧ چالاکوانی کرێکاریی دیکە هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا دەستبەسەرن.
بابەتی پەیوەندیدار
-
سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر سێ چالاکی کرێکاریی سنەدا
-
بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاری لە سنە؛ ئێقباڵ شەعبانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا
-
کەمال کەریمی، چالاکی کرێکاری، بە بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا
-
ئازادکردنی دوو چالاکی کرێکاریی دەستبەسەرکراوی سنە بە بارمتە
-
بورهان سەعیدی، چالاکی کرێکاری، لە سنە دەستبەسەر کرا
-
هاجەر سەعیدی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانی سنە کرا