سێ ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – سەقز بە ناوەکانی تاهیر قادرزادە، سلێمان عەبدی و ئەحمەد قادری، لەسەر سکاڵای داواکاری گشتیی ئەم شارە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» ڕووبەڕووی دۆسیەسازیی دادوەری بوونەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم سێ مامۆستا کوردە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ کراوە. دوابەدوای ئەمەیش، لەسەر سکاڵای داواکاری گشتیی سەقز لە لقی دووەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارەدا بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە.

ئەم سێ ئەندامەی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان پێشتریش لە کاتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا مافی یاسایی پلەبەندیی پیشەییان لێ زەوت کرابوو.

سلێمان عەبدی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەبەر چالاکییە پیشەییەکانی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە و لە دادگادا سزای بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. ئەم مامۆستا و چالاکوانە سەقزییە لە پووشپەڕی ئەمساڵدا لە لایەن لیژنەی یەکەمی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییە ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پارێزگای کوردستانەوە سزای خانەنشینکردنی زۆرەملێ و دابەزاندنی دوو پلەی پیشەیی بەپێی ساڵانی خزمەتی بەسەردا سەپابوو کە ئەم بڕیارە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە دیوانی دادپەروەریی ئیداریی ئێران وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.