ژمارەیەک لە مامۆستایانی کورد کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دۆسیەی یاسایی، سزادان و دوورخستنەوە لە کار بوونەتەوە، لە دووتوێی نامەیەکدا وێڕای خستنە بەرباسی داواکارییە پیشەییەکانیان، ڕوویان کردووەتە کاربەدەستانی حکومەت و وتوویانە «ئەگەر ڕێکارێکی جیدی بۆ داخوازییە ڕەواکانمان نەدۆزرێتەوە و لە ماوەیەکی کورتدا نەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا بە زووترین کات بە هەموو توانامانەوە پەرچەکرداری ناڕەزاییانەی مەدەنی و کرداریی خۆمان دەست پێ دەکەین. ئێمە ڕژدین لەسەر ڕاگرتنی ئەم تاوانکاری و پێشێلکاریانە تاکوو چیدی هیچ خۆشخەیاڵێک بە گاڵتەکردن بە خەڵک و یاسا دەستدرێژی نەکاتە سەر مافی ئەوانیدی».
کۆی دەقی نامەکە
نامەی سەرئاوەڵای مامۆستایانی کوردستان بۆ بەرپرسان و ڕای گشتی
«ئێمە جیا لە زنجیرەکانی ستەم هیچ شتێکمان بۆ لەدەستدان نییە»
هاووڵاتیانی بەڕێز، خوێندەڤانان و دایک و باوکانی خۆشەویست، کاربەدەستانی پارێزگا و وڵات؛
ئێمە وەکوو ژمارەیەک لە مامۆستایانی چالاک لە بواری مافە پیشەییەکاندا کە ساڵەهاتە بە هەڵسوکەوتی لاواز و چەواشەی پەروەردە و فێرکاریی کوردستانەوە دەتلێینەوە، قەت لە بەرانبەر ڕەوتی قێزەونی بەڕێوەبەرایەتیی ئێستەدا بێدەنگیمان لێ نەکردووە و خۆمان لە تێچووەکانی ئەم بەرەنگاربوونەوەیە نەدزیوەتەوە. چونکوو لەسەر ئەو باوەڕەین کە یەکەم وانەی ئێمە بۆ خوێندەڤان و خەڵکی کۆمەڵگاکەمان دەبێ وانەی دادخوازی، ڕەخنە و پرسیارکردن بێت.
بێگومان لەم ساڵانەی دواییدا ئاگاتان لە هاوار و کردارە مەیدانییەکانی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی ناو پەروەردە و فێرکاری و جێگیرکردنی دادپەروەری لە فێرکاریدا بوون. بەڵام نەبیستنی ساڵەها هاواری ڕەوای داواکارییەکانی ئێمەی مامۆستا لە لایەن کاربەدەستانی بێتوانا و ناشایستەی پەروەردە و فێرکارییەوە ئەم دۆخە کارەساتبارەی ئێستەی لێ کەوتووەتەوە کە دەستەبەرکردنی لانیکەمەکانی پەروەردە و ڕاهێنانی گونجاوی بۆ خوێندەڤانانی ئەم نیشتمانە دژوار و تەنانەت هەندێ جار نامومکین کردووەتەوە. بینای وێرانە و داڕووخاوی زۆربەی خوێندنگەکانی کوردستان کە بوونەتە هەڕەشەیەکی جیدی و خێرا بۆ سەر گیانی خوێندەڤانان و مامۆستایان، کەمبوونی بەرچاوی مامۆستای ڕاهێنەری خاوەن کەڵکەڵەی گونجاو و پسپۆڕ، نەهێشتنی بەشەخۆراکی بێبەرامبەر، بەچینایەتیکردنی خوێندنگەکان، بەکاڵاکردنی پەروەردە، وازهێنانی میلیۆنەها خوێندەڤان لە خوێندن، گوشاری بژیوی ژیان بۆ سەر مامۆستایان و ناچارکردنیان بە ئەنجامدانی کاری دووهەم و سێهەم و دوورکردنەوەی بەئەنقەستیان لە خوێندنەوە و بە سەدان بەڵگەی متمانەپێکراوی دیکە، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. لە ئاوا دۆخێکدا کاربەدەستانی ئەمنی و ناشایستی پەروەردە و فێرکاریی کوردستان بە هۆی بێپلانی و نەبوونی گەڵاڵە و توانای پێویستەوە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و وەڵامدانەوەی لۆژیکی و دروست بۆ داواکارییەکان بە مەبەستی داشاردنی لاوازییەکان، لەباتیی وەرگرتنی ڕەخنەکان و کەڵکەڵەکانی مامۆستایانی ڕەخنەگر و چالاک، قۆلیان بۆ سەرکوتکردنی هەرچەشنە هاوارێکی دادخوازانەی مامۆستایان هەڵماڵیوە.
کاربەدەستانی پەروەردە و فێرکاریی کوردستان
١. لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١دا (٢٠٢٢) داواکاری و گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی مامۆستایانیان وەک تاوان لە قەڵەم دا و بە داخستنی دەرگای ئیدارەکانی پەروەردە و فێرکاری وایان کرد گردبوونەوەی مامۆستایان ئاڕاستەی شەقامەکان وەربگرێت و ئەمەش دۆسیەسازی، دەستگیرکردن و لێدان و ئەشکەنجەی مامۆستایانی لە شارە جیاوازەکاندا لێ کەوتەوە؛
٢. لە پاییزی ١٤٠١دا زیاتر لە ٧٠٠ مامۆستای کوردستانیان ڕووبەڕووی لێبڕینی مووچە کردەوە، لەبەر ئەوەی دژ بە هاتنی هێزە چەکدارەکان بۆ ناو خوێندنگەکان مانیان گرت و دەستیان لە کار کێشایەوە؛
٣. لە پاییزی ١٤٠١دا بە پێکهێنانی کۆمیتەی بەدناوی فریاگوزارییەکانی پەروەردە و فێرکاری، ٤٧ مامۆستای بەشەرەفی کوردستانیان لە مافی پلەبەندی بێبەش کرد؛
٤. لە زستانی ١٤٠١دا لە نامەیەکی گاڵتەجاڕ، نایاسایی و بێبنەمایاندا، ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان کە ڕێکخراوەیەکی بەپێز، یاسایی و خاوەن مێژووە، بە دامەزراوەیەکی نایاسایی ناوزەد کرا؛
٥. لە ساڵانی ١٤٠٢ و ١٤٠٣دا لە ڕێگای گۆڕینی خوێندنگە و ئیدارەکانی کوردستانەوە بۆ جۆرێک لە سەربازگە، دۆسیەسازییان بۆ زیاتر لە هەزار مامۆستا کرد و تا ئێستا دەیان مامۆستا لە کار دەر کراون و سەدان مامۆستای دیکە ڕووبەڕووی سزای وەک دابڕاندن لە کار، دوورخستنەوە، خانەنشینکردنی زۆرەملێ و… کراونەتەوە؛
کارنامەی ڕەش و قێزەونی کاربەدەستانی پەروەردە و فێرکاریی کوردستان (بەرپرسی گشتی، لیژنەی سەرپێچییەکان، بەڕێوەبەران و بەشی پاراستنی هەندێ لە ناوچە و شارەکان) گەلێ ئاشکراترە لەوەی پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر بێت. تەنانەت کاربەدەستانی باڵای پارێزگا و هەندێ لە بەرپرسانی ناوەندیش ناڕەزامەندیی خۆیان لەم دۆخە ڕاگەیاندووە، بەڵام بە هۆی هەندێ هاوکێشەوە کە ئێمەیش هێشتا نازانین چین، هەم تیمی بەڕێوەبەرییەکە لەسەر جێی خۆیان ماونەتەوە و هەم دۆسیەسازی و تەڕاتێنەکانیان درێژەی پەیدا کردووە.
ئێستە ئێمەی مامۆستایانی غەزەب لێگیراو و بێبەشکراو کە لە بەردەم بێدادگای لیژنەی سەرپێچییەکانی پەروەردە و فێرکاریدا بووینەتە قوربانیی کەللەڕەقی، تێنەگەیشتن و سەرکوتکاری، ڕایدەگەیەنین کە تەمەنی گەنجی و ژیانی خۆمان فیدای مامۆستایەتی کردووە و ئێستە جیا لە ئاڵقەکانی زنجیری ستەم و نادادی هیچی ترمان بۆ نەماوەتەوە، هەر بۆیە هیچ شتێکمان بۆ لەدەستدان نییە، بەڵام مۆڵەتیش نادەین ئەو ستەمەی بەسەر خۆمان، بنەماڵەمان، هاوکارانمان و خوێندەڤانەکانماندا هاتووە، بێوەڵام بمێنێتەوە. هەر بۆیە ڕاشکاوانە بە بەرپرسانی پارێزگا و وڵات ڕادەگەیەنین ئەگەر ڕێکارێکی جیدی بۆ داخوازییە ڕەواکانمان نەدۆزرێتەوە و لە ماوەیەکی کورتدا نەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا بە زووترین کات بە هەموو توانامانەوە پەرچەکرداری ناڕەزاییانەی مەدەنی و کرداریی خۆمان دەست پێ دەکەین. ئێمە ڕژدین لەسەر ڕاگرتنی ئەم تاوانکاری و پێشێلکاریانە تاکوو چیدی هیچ خۆشخەیاڵێک بە گاڵتەکردن بە خەڵک و یاسا دەستدرێژی نەکاتە سەر مافی ئەوانیدی.
١. هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی لیژنەی سەرپێچییەکانی پەروەردە و فێرکاری بەسەر مامۆستایانی کوردستاندا سەپاندوویەتی، هاوکاتیش قەرەبووکردنەوەی هەموو زیان و خەسارەکانی ئەو بڕیارە نایاساییانە؛
٢. جێبەجێکردنی مافی پلەبەندی بۆ هەموو چالاکانی پیشەیی و نەهێشتنی ڕێگرەکان لە بەردەم پلەبەرزکردنەوە و پێگەی شایستەیاندا؛
٣. پێگەی مامۆستایان، خوێندەڤانان و خەڵکی کوردستان زۆر بەرزتر لەوەیە کە کەسانی بیرتەسک و سووک و بێنرخ بڕیاریان بۆ بدەن. بێگومان دەبێ بە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی پێویست و نەهێشتنی تێڕوانینی ئەمنی، ئارامی و هێمنی بگەڕێتەوە بۆ کەرتی پەروەردە و فێرکاریی کوردستان.
ژمارەیەک لە مامۆستایانی سزادراوی پارێزگای کوردستان