سێ ژنه‌ چالاكوانی مه‌ده‌نیی كورد به‌ ناوه‌كانی عه‌زیمه‌ ناسری، ده‌ریا تاڵه‌بانی و ئه‌سرین محه‌ممه‌دی، كه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٠ی به‌فرانبار(٩ی ژانویه ٢٠٢١‌)، له‌ درێژه‌ی شه‌پۆلی به‌ربڵاوی ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی هاووڵاتیان و چالاكوانانی كورد له‌ شاره‌كانی بۆكان، مه‌هاباد و تاران لە لایەن هێزه‌كانی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون، گواسترانه‌وه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌م دەزگا ئه‌منییه‌تی -نیزامییه‌ له‌ پادگانی ئه‌لمێهدی ورمێ. 

به‌ پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٠ی به‌فرانبار(٩ی ژانویه ٢٠٢١‌)، ئه‌سرین محه‌ممه‌دی دوای ده‌ستبه‌سه‌ر كران لە لایەن هێزه‌كانی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپا له‌ تاران، ڕه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ كراوه‌. ناوبراو دوای ده‌ستبه‌سه‌ر بوون له‌ ڕێگای پێوه‌ندییه‌كی كورتی ته‌له‌فۆنیه‌وه‌ باسی له‌ ڕاگرتنی خۆی له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ كردووه‌. 

هه‌روه‌ها ده‌ریا تاڵه‌بانی و عه‌زیمه‌ ناسریش دوای ده‌ستبه‌سه‌ر كران له‌ شاره‌كانی مه‌هاباد و بۆكان له‌گه‌ڵ باقی ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كانی تری ئه‌م دوو شاره‌دا گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ. 

به‌ پێی لێكۆڵینه‌وه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، دوو ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ٧ی تیری ده‌زگای ئیتلاعاتی سپا و ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ٨١ی ڕه‌مه‌زان پاراستن ئیتلاعاتی سپا له‌ پادگانی ئه‌لمێهدی سپای ورمێ له‌ جاده‌ی ته‌ورێزه‌، ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی زۆر پارێزراوی ٧ی تیری سپا له‌ ساڵی ١٣٩٥(٢٠١٧) له‌ چه‌ند سه‌د مه‌تریی ده‌سبه‌سه‌رگه‌ كۆنه‌كه‌ی ٨١ی ره‌مه‌زان دروست كراوه‌. 

به‌ پێی ئاماره‌ كۆكراوه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌وه‌ ٢٠ی به‌فرانبار(٩ی ژانویه‌) تاكوو ئێستا لانیكه‌م ٢٦ هاووڵاتی و چالاكی كورد ده‌ستبه‌سه‌ر و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بانگهێشتی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كراون و بۆ چه‌ندین كاتژمێر له‌ ژێر لێپرسینه‌وه‌دا بوون. له‌ ناو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون ته‌نیا سه‌لمان ئه‌دوایی دوای چه‌ند ڕۆژ ده‌ستبه‌سه‌ر بوون ئازاد كراوه‌، به‌ڵام ٢٥ هاووڵاتی و چالاكوانی دیكه‌ هێستا له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌كاندا ڕاگیراون.