بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە یەکێک لە لقەکانی لێپرسینەوەی دادسەرای کرماشان و بە تۆمەتی خوێندنی ئاوازێکی هاوبەش لەگەڵ گۆرانیبێژی ژن و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دۆسیەی یاسایی بۆ ٥ ئەندامی گرووپی مووزیکی ژنانی گلاریس کراوەتەوە. ئەندامانی ئەم گرووپە پێشتریش لەبەر بڵاوکردنەوەی هەندێ کلیپی ئاوازخوێندن لەگەڵ گۆرانیبێژی ژندا، لە لایەن “پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی”ی ئەم شارەوە بانگ کرابوون و لەسەر چالاکییە هونەرییەکانیان خرابوونە ژێر لێپرسینەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کرماشان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سێشەممە و چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو ئیلهام یەزدانیپوور، سەرپەرشتی گرووپی مووزیکی کلاریس، لەگەڵ ٤ ئەندامی‌تری ئەم گرووپەدا بە ناوەکانی سەمیرا فەرەحناکی، نەستەرەن یەزدانیپوور، نازەنین ئەتابەکی و مەلیحە مورادی، لە لقێکی لێپرسینەوەی دادسەرای کرماشاندا بە تۆمەتی خوێندنی ئاوازێکی هاوبەش لەگەڵ گۆرانیبێژێکی ژندا تۆمەتەکانیان پێ ڕاگەیەنراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هەموو ئەندامانی ئەم گرووپە پێش ئەوەی بچنە بەردەم ئەو لقەی لێپرسینەوە، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر و دوابەدوای بڵاوکردنەوەی کلیپێکی ئەم گرووپە کە بە بۆنەی شەوی یەلداوە دروست کرابوو، دوو جار بە شێوەی تەلەفۆنی بانگهێشتی بەردەم «پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی»ی کرماشان کراون و دوای ئەنجامدانی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، مەجبوور کراون بە نووسراو بەڵێن بدەن چیتر لە بەرنامە و کلیپەکانیاندا گۆرانیبێژی ژن بەکار ناهێنن».

دوکتور فاتمە کەریمی، بەرپرسی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەبارەت بە قەدەغەبوونی ئاوازخوێندنی ژنان و بەربەستەکانی بەردەم چالاکییەکانی ژنان لە بواری هونەر و مووزیک لە ئێراندا دەڵێت: «جیا لە بەربەستە عورفی و کۆمەڵایەتییەکان کە لەمپەرێکی گەورەیە لە بەردەم ئاوازخوێندن و چالاکیی ژنان لە بواری مووزیکدا، یاسا و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەمپەری سەرەکیتر و گەورەترن لە بەردەم چالاکییەکانی ژنان لەم بوارەدا. بەپێی یاساکانی ئێران، کونسێرتی گۆرانیبێژانی ژن بە شێوەی تاک‌خوێندن، تەنیا بۆ ژنان ڕێگەپێدراوە و لە کۆنسێرتە گشتییەکانیشدا تەنیا بە شێوەی بەکۆخوێندن لەگەڵ پیاواندا ڕێگە بە ئاوازخوێندنی ژنان ئەدرێت. ئەگەرچی جیا لە تاران لە شارەکانی‌تردا تەنانەت دەرکردنی مۆڵەتی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی ژنانی گۆرانیبێژ بۆ ژنان گەلێ بەربەست و لەمپەری زۆر زیاتری لە بەردەمدایە.»

ئەم توێژەرەی بواری ژنان لە درێژەدا بە ئاماژەکردن بەوەی کە وەزارەتی ئیرشاد بەرپرسی چاودێریکردنی بەرهەمی هونەری و مووزیکە، بانگهێشتکردنی ئەندامانی گرووپی گلاریس لە لایەن پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقییەوە بە درێژەی هەمان هەستیارییەکانی حکوومەت لەسەر چالاکییە هونەرییەکان و هەوڵدان بۆ بەرگرتن بە ئاوازخوێندنی ژنان لە قەڵەم دەدات و دەڵێت: «بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە دابەزاندنی یاسای نەنووسراو و پشتبەستن بە فەتوای موفتییە شیعەکان دەیانەوێ بەر بە ئاوازخوێندنی تەنیای ژنان و چالاکییە هونەرییەکانیان لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی کۆنسێرت و بەرهەمهێنانی کلیپدا بگرن. بەڵام بەمەشەوە هەندێ لە ژنان نە تەسلیمی عورفە کۆمەڵایەتییە پیاوسالارانەکان بوون و نە تەسلیمی سیاسەتە سێکسیستییەکانی کۆماری ئیسلامی و سەرەڕای بوونی چەندەها لەمپەری جۆراوجۆر، بەڵام چوونەتە نێو بەستێنی ئاوازخوێندنەوە. ژمارەی ئەم ژنانە لەم ساڵانەی دوایی و بە تایبەت لە کوردستاندا گەلێ زیادی کردووە».

گرووپی مووزیکی ژنانی گلاریس ساڵی ١٣٩٦ لە شاری کرماشان دامەزراوە و تا ئێستا چەندین کۆنسێرتی جۆراوجۆری لە شارە جیاوازەکان و هەروەها لە هەرێمی کوردستانی ئێراق بەڕێوە بردووە. ئەم گرووپە ساڵی ڕابردوو لەبەر هاوکاتبوونی بانگهێشتی کەناڵێکی تەلەفیزیۆنیی تورکیا لەگەڵ هێرشی ئارتەشی تورکیادا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم بانگهێشتەی ڕەت کردەوە.