تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیویه‌تی، له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا ژنێكی ته‌مه‌ن ٣٢ ساڵ به‌ ناوی ئه‌شره‌ف نیكخویی خه‌ڵكی گوندی “گه‌نگەچین”ی ورێ به‌ بیانووی نامووسه‌وه‌ به‌ده‌ستی چەندین پیاوی بنەماڵەکەی كوژراوه. 

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ ورمێ دوای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ به‌ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: ئه‌شره‌ف نیكخویی ٣٢ساڵان و دایكی ٣ منداڵ بوو، ناوبراو ماوه‌یه‌ك پێش به‌ هۆی بڵاو بوونه‌وه‌ی فیلمێكی شه‌خسی له‌ گه‌ڵ پیاوێكدا، ناچار بوو له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی جیا بێته‌وه‌ و له‌ گه‌ڵ دایك و باوكی بژیی.

به‌ وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌، خانمی نیكخویی له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ژێر گوشاردا بووه‌ تاكوو له‌ گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ فیلمه‌كه‌ی لێ بڵاو بووه‌ته‌وه‌ هاوسه‌رگیریی بكات به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و پیاوه‌ ملی نه‌داوه‌ به‌و هاوسه‌رگیریه‌‌،چەندین پیاوی بنەماڵەکەی ئه‌شره‌ف له‌ ڕێكه‌وتی ١٥ی ڕێبه‌ندان(٣ی فێبریە) ناوبراوی كوشتووه.‌ 

ته‌رمی ئه‌شه‌رف نیكخویی دوای كوشتنی سووتێنراوه‌ و ئێستا له‌ پزیشكیی یاسایی ورمێدا ڕاگیراوه‌.

به‌ پێی زانیارییه‌ پشتڕاستكراوه‌كانی تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌مه‌ شه‌شه‌مین كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ستی ژنانه‌ به‌ بیانووی نامووسه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ جورواجۆره‌ كورد نشینه‌كانه‌وه‌ كه‌ هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاو ده‌بێته‌وه‌.