بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژنە زیندانییەکی سیاسی بە ناوی باران بێهزاد دوای ٣ ساڵ و نیو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا. ناوبراو بە درێژایی ئەم ماوەیە لە مافی پشووی کاتی و ئازادیی مەرجدار بێبەش کرابوو. ئەم زیندانییە سیاسییە ٤ مانگ پێش کۆتاییهاتنی حوکمەکەی و دوای ئەوەی شۆرای پۆلێنبەندیی زیندان داواکاریی پشووی دواقۆناغی حوکمەکەی قبووڵ کرد، لە زیندان ئازاد کرا. 

باران بێهزاد لە کۆتایی ڕەزبەری ١٣٩٦دا(٢٠١٧) دوای ماوەیەک ئەندامبوونی لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ ئێران. ئەگەرچی بنەماڵەی ناوبراو پێش گەڕانەوەی لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەکاندا هەماهەنگییان کردبوو، بەڵام دوای گەڕانەوە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی ٢ مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ گوێزرایەوە بۆ زیندانی ئەم شارە.

ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی ورمێ دوای چەند مانگ لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شێخلوو بە تۆمەتی“ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا” حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای پێشکەشکردنی داواکاریی قبووڵکردنی حوکم، بۆ ٣ ساڵ و نۆ مانگ زیندان گۆدرا.

شایانی باسە لەم ساڵانەی دواییدا بە دەیان کەس لە ئەندامانی پێشووی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان سەرەڕای هەماهەنگیی بنەماڵەکانیان لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەکاندا و وەرگرتنی “ئەماننامە” بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران، کەچی پاش گەڕانەوە دەستبەسەر کراون و حوکمی زیندانیان بەسەردا سەپاوە.