سه‌كینه‌ پروانه‌، به‌ندكراوی سیاسیی كورد سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ به‌ مه‌به‌ستی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له‌ بێبه‌ریبوون له‌ پێداویستیە پزیشکییەکان و بەردەوامبوونی دوورخستنه‌وه‌ی له‌ زیندانیی ناوه‌ندیی مه‌شهه‌د، مانی لە خواردن گرت. هه‌روه‌ها موژگان كاووسیش به‌ندكراوی سیاسیی كورد، له ‌ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌وه‌ ٢٦ی گوڵان (١٦ی مه‌ی)، به‌مه‌به‌ستی  ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی لە به‌رانبەر هه‌ڵسووكه‌وتی به‌رپرسانی زیندان و ده‌زگای دادوه‌ریدا سه‌باره‌ت به‌مافی به‌ندكراوان مانی له‌خواردن گرتووە.

تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی رابردوودا سه‌كینه‌ په‌روانه‌ به‌ هۆی دابه‌زینی زه‌خت و کێشەی  كۆئه‌ندامی هه‌رسكردن، ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی زیندان كراوه‌و سه‌ره‌ڕای ڕاسپاردنی پزیشكه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ بۆناردنی به‌په‌له‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان به‌ هۆی دژایه‌تیی كردنی ئیداره‌ی ئیتلاعاته‌وه‌ هێشتا له‌ به‌ندی ٥ی زینداندا ڕاگیراوه‌. ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسیه‌ش ئه‌مڕۆ به‌ مه‌به‌ستی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له‌ بێبه‌شبوونی له‌ چارەسەرییە پزیشكییەکان و درێژه‌ی ڕاگرتنی له‌ زیندانی مه‌شهه‌د، مانی  له‌ خواردن گرت.

هه‌روه‌ها موژگان كاووسی، به‌ندكراوی سیاسی‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌ له‌ مانگرتنه‌ بێ سنووره‌كه‌ی له‌خواردن و تاهه‌نووكه‌ به‌رپرسانی زیندان داخوازییەکانیان پشت گوێ خستووە. 

پێشتر کەسێکی نزیک له‌م به‌ندكراوه ‌سیاسیه ‌له‌ وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ڕایگه‌یاند: «خانمی كاووسی له‌حاڵێكدا كه‌زیاتر له‌نیوه‌ی حوكمه‌دوو ساڵه‌كه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌ده‌ستی داوه‌ته ‌مانگرتن له‌خواردنی سنووردار. هۆکاری مانگرتنی ناڕه‌زاییانەی ئەم جارەی ناوبراو به‌دواداچوونی داخوازییه‌كانی خۆی نییه‌، بەڵکوو ڕه‌خنه‌گرتنێكه‌له‌‌‌هه‌ڵسووكه‌وتی گشتیی به‌رپرسانی زیندان و ده‌زگای دادوه‌ری لە ئاست مافەکانی به‌ندكراواندا. ئامانجی گشتی له‌م هەڵوێستە ڕاگەیاندنی ناڕه‌زایه‌تییە له‌هه‌ڵسوكه‌وتی سه‌لیقه‌یی و سەروویاسایی دەزگای دادوه‌ری له‌ پرسی پێدانی مۆڵه‌تی ڕۆشتنه‌ده‌ره‌وه‌ی كاتیی‌به‌ندكراواندا به‌پێی بڕیارەکەی ده‌زگای دادوه‌ری سه‌باره‌ت بە بەرگرتن بە تەشەنەسەندنی شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا لە نێو زیندانییاندا».