لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بە فەرمانی بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، ماوەی چوونە حەوشە و پێوەندیی تەلەفۆنیی زیندانییانی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کورت کراوەتەوە و هەر بۆیە زیندانییانی ئەم بەندە وەک ناڕەزایەتییەک بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ئامادە نەبوون بەشەخواردنی زیندان وەربگرن.

ئەندامێکی بنەماڵەی یەک لە ژنەزیندانییانی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە دوو حەفتەی ڕابردوودا و بە دەستووری سوهرابی، سەرۆکی زیندان و بوداغی، بەرپرسی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، ماوەی چوونەحەوشە و هەواخۆریی زیندانییەکان سەرجەم بۆتە دوو کاتژمێر لە ڕۆژدا و پێوەندیی تەلەفۆنیش کەم کراوەتەوە بۆ ٤ ڕۆژ جارێک».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ٤ ژووری سەربەخۆی ٣٦ تەختیی هەیە کە ئێستاکە لە هەر ژوورێکدا لانیکەم ٤٠ زیندانی دەژین. سەپاندنی ئەم هەلومەرجە نوێیە بۆتە هۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆری زیندانیی ژن بەبێ کەرەستەی هەواگۆڕین نزیکەی ٢٢ کاتژمێری ڕۆژ لەم ژوورە بچووکانەدا بمێننەوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی لە حەفتەی ڕابردوودا ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢٤ و ٢٥ی ڕەزبەر، زیندانییەکان وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر ئەم یاسا نوێیەدا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ئامادە نەبوون بەشەخواردنی زیندان وەربگرن، بەڵام ڕووبەڕووی هەڕەشە و گوڕەشەی خانمی بوداغیی بەرپرسی بەندی ژنان بوونەتەوە.

پێشتر و بەر لە سەپاندنی ئەم یاسا بەرکوتکەرەوانە، هەموو زیندانییانی هەر ٤ ژوورەکە دەیانتوانی ڕۆژانە هاتوچۆی کۆریدۆری بەند، ژوورەکانی تر و حەوشەی هەواخۆری بکەن، بەڵام ئێستا تەنها ٢ کاتژمێر لە ڕۆژدا دەرگای ژوورەکان دەکرێتەوە و زیندانییەکان بۆیشیان نییە هاتوچۆی ژوورەکانی تر بکەن. هەروەها پێوەندیی تەلەفۆنییشیان لە هەموو ڕۆژێکەوە کەم کراوەتەوە بۆ ٤ ڕۆژ جارێک.