تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

مافی ژنان ورمێ

ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/rights-ku/womens-rights-ku/2021/11/16/p11334

لە ماوەی تەنها چەند حەفتەیەکدا، بەخشی، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ و بوداغی، بەرپرسی بەندی ژنانی ئەم زیندانە، بە دانانی کۆمەڵێک ڕێسای بەرکوتکەرەوەی تازە، وەک کەمکردنەوەی کاتی هەواخۆری بۆ دوو کاتژمێر لە ڕۆژدا و پێوەندیی تەلەفۆنی بۆ ٤ ڕۆژ جارێك، دۆخێکی قورستریان بەسەر ژنانی زیندانیدا سەپاندووە. بەرپرسانی زیندان بەشدارینەکردنی ژنە زیندانییەکان لە پۆلی قورئانخوێندیان کردۆتە بیانوویەک بۆ جێبەجێکردنی ئەم قەدەغەکارییە تازانە.

بنەماڵەی یەکێک لەم زیندانییانە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایان گەیاند کە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا قەدەغەی قورس لەسەر ژنانی زیندانیی بەندی ژنان جێبەجێ کراوە و سەرەڕای مانگرتنی ناڕەزاییانەی دوو ڕۆژەی زیندانییەکان لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەردا، تا ئێستە هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخەکەدا نەکراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لەگەڵ ئەم قەدەغەکارییە تازانەدا، فەرمانبەرە پیاوەکانی زیندانیش ڕۆژانە سووکایەتی و بێڕێزی بە ژنەزیندانییەکان دەکەن و وشەی «بێئەخلاق»یان بۆ بەکار دەهێنن.

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد کە تاکە بیانووی بەرپرسانی زیندان بۆ دانانی ئەم ڕێسا نوێیانە بەشدارینەکردنی ژنانی زیندانییە لە پۆلەکانی قورئانخوێندندا.

بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ٤ ژووری سەربەخۆی ٣٦ تەختیی هەیە کە ئێستاکە لە هەر ژوورێکدا لانیکەم ٤٠ زیندانی دەژین. سەپاندنی ئەم هەلومەرجە نوێیە بۆتە هۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆری زیندانیی ژن بەبێ کەرەستەی هەواگۆڕین نزیکەی ٢٢ کاتژمێری ڕۆژ لەم ژوورە بچووکانەدا بمێننەوە.

لانیکەم ٤ زیندانیی سیاسی-مەزهەبی لەم بەندەدا دەژین. پێشتر و بەر لە سەپاندنی ئەم یاسا بەرکوتکەرەوانە، هەموو زیندانییانی هەر ٤ ژوورەکە دەیانتوانی ڕۆژانە هاتوچۆی کۆریدۆری بەند، ژوورەکانی تر و حەوشەی هەواخۆری بکەن، بەڵام ئێستا تەنها ٢ کاتژمێر لە ڕۆژدا دەرگای ژوورەکان دەکرێتەوە و زیندانییەکان بۆیشیان نییە هاتوچۆی ژوورەکانی تر بکەن. هەروەها پێوەندیی تەلەفۆنییشیان لە هەموو ڕۆژێکەوە کەم کراوەتەوە بۆ ٤ ڕۆژ جارێک.