ژنێکی زیندانی بە ناوی ڕەیحانە ڕەحمانی کە پشووی کاتیی لە زیندان وەرگرتووە، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری مەشهەد لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە کەوتۆتە بەر پەلاماری تێزابەوە. پیاوەکە ئێستە دەستبەسەر کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «نزیکەی دوو حەفتە لەمەوپێش ڕەیحانە ڕەحمانی لە بەندی یەکی زیندانی ژنانی مەشهەدەوە مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درابوو، بەڵام لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارەدا لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە کەوتە بەر هێرشی تێزابەوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، قووڵیی سووتانەکە لەسەر لەش و دەموچاوی ئەم ژنە بە ئاستێک بووە کە گوێچکەکانی بەتەواوی لەناو چوون و توانای جووڵەی لێ بڕاوە. سەرەڕای ئەوەی دوای تێپەڕینی دوو حەفتە بەسەر خەواندنیدا لە نەخۆشخانە هێشتا پزیشکەکان پێیان وایە مەترسیی مردنی لەسەرە، بەڵام لەم ڕۆژانەی دواییدا و لەبەر کۆتاییهاتنی ماوەی پشووەکەی و لە دۆخێکی زۆرخراپی جەستەیی و تەندروستیدا برابوویەوە بۆ زیندان. بەڵام دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی زیندان، بەرپرسانی زیندان بە ناچار ماوەی پشووەکەیان بۆ درێژ کردەوە و هەناردیانەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان.
ڕەیحانە ڕەحمانی ٢٤ ساڵیەتی و لە ٢٠ مانگ لەمەوپێشەوە لە زیندانی مەشهەددایە. ناوبراو دوای چەند ساڵ ژیانی هاوبەش لە هاوسەری پێشووی جیا بوویەوە. ئەو منداڵێکی ٣ ساڵانی هەبوو و دوای ماوەیەک هاوسەرگیریی کاتیی لەگەڵ پیاوێکدا کرد، ئەو پیاوە کە خووی بە مادە سڕکەرەکانەوە گرتبوو، بە هۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئەو مادانەوە منداڵە کەمتەمەنەکەی ڕەیحانەی کوشت. دادگا ڕەیحانەی بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتندا» دەستبەسەر کرد و سزای ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.